ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

گۆڕانکاری گەورە؛ بۆچی ریال مەدرید لە بەڕێکردنی ئانچێلۆتی پەشیمانبووەتەوە؟

وردەکاری هۆکاری شکستهێنانی گرێبەستی کارلۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل

Yariga App

یاریگا –

گۆڕانکاری ریشەیی لەبارەی داهاتووی کارلۆ ئانچێلۆتی روویدا و بەڕازیل بەتەواوی لە کارلۆ بێهیوا بووە.

ئانچێلۆتی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل گەیشتبووە رێککەوتن، تەنانەت بڕیاربوو لە یەکەم یاریی خۆی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل لە 6ـی حوزەیران رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی ببێتەوە، بەڵام گرێبەستەکە شکستیهێنا.

رۆژنامەی گڵۆبۆ هۆکاری شکستهێنانی گرێبەستەکەی ئاشکراکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەڕازیلییەکە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی گرێبەستی کارلۆ لەگەڵ بەڕازیلییەکانە.

ئانچێلۆتی ساڵێک گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید ماوە، داوایکردووە لەدوای جێهێشتنی یانەکە لەم هاوینە قەرەبووی بکەنەوە و پارەی ئەو ساڵەشی پێبدەن کە لە گرێبەستەکەی ماوە، بەڵام پێرێز داواکەی رەتکردووەتەوە و بە کارلۆی گوتووە ئێمە دەرەت ناکەین بەڵکو خۆت پەیوەندی بە تیپێکی نوێ دەکەیت، بۆیە مافی قەرەبوو کردنەوەت نابێت.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید نیگەرانە لەوەی ئانچێلۆتی بەبێ ئەوەی یانەکە ئاگاداربکاتەوە گەشتی لەندەنی کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل رێککەوتنی کردووە، بەتایبەت لەکاتێکی وا هەستیار کە یانەکە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت.

سەرەتا بڕیاربوو ریال مەدرید لە کۆتایی ئەم وەرزەی لالیگا دەستبەرداری ئانچێلۆتی ببێت، بۆ جامی جیهانی یانەکان بەشێوەیەکی کاتی سانتیاگۆ سۆلاری پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت و لەدوای ئەو پاڵەوانێتییەش چابی ئاڵۆنسۆ وەک راهێنەری نوێی یانەکە دەستبەکار ببێت.

بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی رێلێڤۆ، ریال مەدرید بڕیاریداوە بۆ جامی جیهانی یانەکان پشت بە ئانچێلۆتی ببەستێت و تاوەکو دوای ئەو پاڵەوانێتییە دەستبەرداری نەبێت، بۆیە کارلۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیلی ئاگادارکردووەتەوە ناتوانێت لە مانگی شەش پەیوەندییان پێوەبکات، بەڵکو پێویستە تاوەکو مانگی هەشت چاوەڕوانبن.

بەڵام بەڕازیلییەکان زۆر لە بڕیارە لەناکاوەکەی کارلۆ تووڕە و نیگەرانن، چونکە چەند هەفتەیەکە بەچڕیی کار لەسەر گرێبەستەکە دەکەن و هەموو شتێکیان لەگەڵی یەکلایی کردبووەوە، تەنانەت ئانچێلۆتی هەوڵیدابوو داڤیدێی کوڕی رازی بکات تاوەکو لە بەڕازیلیش یاوەریی بکات و جارێ کارکردنی وەک راهێنەرێکی سەربەخۆ دوابخات.

کارلۆ ئانچێلۆتی

بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوماڵی ریال مەدرید داوای لە بەڕازیل کردووە تاوەکو دوو مانگی دیکەش چاوەڕوانی بن، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل بڕیاریداوە چیتر چاوەڕوان نەبن و لەمەودوا هەوڵی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵی نادەن.

بۆیە ئەگەر ریال مەدرید رێگە نەدات کارلۆ بەر لە جامی جیهانی یانەکان ماڵاوایی بکات، ئەوا پەیوەندیکردنی ئەو راهێنەرە بە هەڵبژاردەی بەڕازیل شکست دەهێنێت.

بەڵام دۆخەکە بۆ کارلۆ زۆر سەخت دەبێت، چونکە دوای جامی جیهانی یانەکان چابی ئاڵۆنسۆ دەبێتە راهێنەری نوێ یانەکە، تا ئەوکات بەڕازیلیش راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان دەکات و لەو نێوەندەدا ئانچێلۆتی زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ریلێڤۆ، هیلالی سعوودی ئۆفەرێکی زەبەلاحی بە مووچەی ساڵانەی 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئانچێلۆتی ئامادەکردووە، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە چوونی کارلۆ بۆ بەڕازیل کێشەی تێبکەوت.

بۆیە ئانچێلۆتی لەدوای جامی جیهانی یانەکان دوو بژاردەی دیکەی لەبەردەستدا دەبێت، بژاردەی یەکەم رازیبوونە بە ئۆفەرێکی سعوودیەکان بە مووچەی ساڵانەی 50 ملیۆن یۆرۆ، یاخود مانەوەیە لە ریال مەدرید وەک باڵوێزی یانەکە، کە بژاردەی دووەم بۆ ئانچێلۆتی شیرینترە.

راهێنەرە 65 ساڵانییەکە بەردەوام رایگەیاندووە دەیەوێت تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، بۆیە پێگەی ئێل چیرینگویتۆ بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و لەوبڕوایەدایە ئەگەر ریال مەدرید ببێتە پاڵەوانی لالیگا، ئەوا ئانچێلۆتی تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی بەردەوام دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button