
یاریگا –
ریال مەدرید وردەکاریی پێکانەکەی رۆدیگەری بڵاوکردەوە و میدیاکانی ئیسپانیاش پێشبینی دەکەن بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریگاکان داببڕێت.
یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەیەکیدا وردەکاریی پێکانەکەی ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر بەرگریکاری یانەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە بەرگریکارە ئەڵمانییەکە لە یارییە کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا تووشی پێکان بوو، یانە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، رۆدیگەر نەشتەرگەری لە ماسوڵکەکانی ئەژنۆی چەپی بۆ کراوە.
Parte médico de Rüdiger.
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) April 29, 2025
ئارانچا رۆدریگێز رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت رۆدیگەر بەهۆی پێکانەکەی بۆ ماوەی 6 بۆ 8 هەفتە لە یاریگاکان داببڕێت، بەمەش بەرگریکارەکەی ریال مەدرید بەلایەنی کەم لە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان بێبەش دەبێت، کە هاوینی داهاتوو لە ئەمریکا دەکرێت.
بەرگریکارە 32 ساڵانەکە لە دوایین خولەکەکانی یاریی کلاسیکۆ تووشی پێکان بوو، نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و دوای فیکەی کۆتایی یارییەکەش لەگەڵ ناوبژیوانان و یاریزانانی تیپی بەرامبەر بووە دەمەقاڵی و لەوانەیە بۆ چەند یارییەک سڕ بکرێت.