ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک یەکلاییبووەتەوە؛ کەی ئاڵۆنسۆ دەبێتە راهێنەر و کێ لە مۆندیال سەرکردایەتی مەدرید دەکات؟

تۆڕی رێلێڤۆ دوایین زانیارییەکانی نێو کۆشکی مەدرید ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

تاوەکو ئێستا ریال مەدرید دوابڕیاری لەسەر راهێنەری داهاتووی یانەکەی نەداوە و چابی ئاڵۆنسۆش کەتووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.

لە بایەر لیڤەرکوزن، هەوڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئاڵۆنسۆ دەدرێت و راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت رای کۆتایی مەدرید لەسەر خۆی بزانێت، ئینجا هەنگاوەکان لەگەڵ لیڤەرکوزن دەستپێبکات.

تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ئاڵۆنسۆ دووجار لەڕێگەی نێوەندگیرێک پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە، تاوەکو وەڵامێکی ئەوانی دەستبکەوێت، بەڵام وەڵامی مەدرید بریتیی بووە لە ئارامگرتن تاوەکو دۆخەکە زیاتر رووندەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکە بێت، تەنیا بردنەوەی لالیگا لەوانەیە هەموو هاوکێشەکان بگۆڕێت و وابکات، ریال مەدرید تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 لەگەڵ ئانچێلۆتی بەردەوام بێت، بەڵام ئەمە ئەگەرێکی لاوازە.

مانگێک بەر لە ئێستا، ئاڵۆنسۆ و بەرپرسێکی باڵای ریال مەدرید پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ماوەدرێژیان کردووە. ئاڵۆنسۆ نیگەرانی خۆی پیشانداوە، چونکە داهاتووەکەی ناڕوونە و دەیەوێت لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی مەدرید دڵنیاببێتەوە، ئینجا هەنگاوەکان لەگەڵ لیڤەرکوزن دەستپێبکات.

ئاڵۆنسۆ هەست بە بەرپرسیارێتییەکی زۆر دەکات و دەیەوێت بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ لیڤەرکوزن بکات، لە سەرەتای ئەمساڵ ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەشکراوە و ئاڵۆنسۆ بەڵێینی دابوو، لە مانگی ئادار/مارسی رابردوو وەڵامیان بداتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە، بۆیە پەلەیەتی لە زانینی وەڵامی مەدرید.

رێلێڤۆ ئاشکرایکردووە؛ ریال مەدرید جارێکی دیکە داوای لە ئاڵۆنسۆ کردووە پەلە نەکات، هەرچەندە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە مانگێک بەر لە ئێستا بووە و ئەوکات، ریال مەدرید هیوای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و جامی شای ئیسپانیای هەبوو، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە تەواو گۆڕاوە و سەرەڕای ئەمەش، فلۆرێنتینۆ پێرێز تاوەکو ئێستاش متمانەیەکی زۆری بە ئانچێلۆتییە، چونکە لە بەڕێوەبردنی ژوورێکی جلگۆڕینی پڕ لە ئەستێرە سەرکەوتووە.

فێرناندۆ کارۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایەر لیڤەرکوزن بە ئاڵۆنسۆی راگەیاندووە، دەتوانن هێشتا چاوەڕێی بکەن، چونکە وەکو کەسێک مافی بڕیاردانی بێفشاری هەیە.

دوایین پەرەسەندن چییە؟

تۆڕی رێلێڤۆ لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نێو ریال مەدرید زانیویەتی؛ ریال مەدرید دەیەوێت راهێنەرێکی کاتی بۆ مۆندیالی یانەکان دەستنیشان بکات و سانتیاگۆ سۆلاری، دیارترین پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

سۆلاری پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری گشتی ریال مەدرید هەیە، بۆیە ئێستا هاوکێشەکەی مەدرید هەندێک ئاڵۆزبووە بۆ دوابڕیار کاتی زیاتری پێویستە.

پێشتر قسە لەبارەی زووتر دەستنیشانکردنی ئاڵۆنسۆ وەکو راهێنەر هەبوو، بەڵام ئێستا ئاڵۆنسۆ و ریال مەدریدیش نایانەوێت ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکەن، چونکە چابی پێویستی بە ئامادەکارییە، تاوەکو زانیاری ورد لەسەر یاریزانان و تیمەکە کۆبکاتەوە، ئینجا ئەرکەکەی دەستپێبکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button