
یاریگا –
دوای بردنەوەی 20مین نازناوی پرێمەرلیگ لە مێژووی خۆیدا، تەنیا 40 یاریزان و ئەندامی لیڤەرپوول دەتوانن مێدالیای پرێمەرلیگ بەدەستبهێنن.
لیڤەرپوول دوای بردنەوەی 5-1 لە تۆتنهام، بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ و کۆتایی بە ریکۆردەکەی مانچێستەر سیتی هێنا، کە لە چوار ساڵی رابردوو پاڵەوانی خوولەکە بوو.
بەگوێرەی یاساکانی پرێمەرلیگ، یاریزانی تیمی پاڵەوان بۆ ئەوەی مێدالیای پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێت، پێویستە لانیکەم بەشداری پێنج یاریی کردبێت.
هەر یانەیەک سەرپشکە 40 مێدالیاکەی خۆی جگە لە یاریزانە شایستەکان، بە کام ئەندامی یانەکەی دەدات.
کام یاریزانانی لیڤەرپوول مێدالیای پرێمەرلیگ وەردەگرن؟
لەسەر بنەما و یاساکانی پرێمەرلیگ، تاوەکو ئێستا ئەم یاریزانانەی خوارەوە شایستەییبوونی مێدالیایان هەیە؛
ئالیسن بەیکەر، کاۆومین کێڵێهێر، ڤێرجیڵ ڤان دایک، ئیبراهیما کۆناتێ، جۆ گۆمێز، ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، ئاندی رۆبێرتسن، کۆستاس تسیمیکاس، جاڕێڵ کوانسا، ئەلێکسیس ماک ئالیستەر، کورتیس جۆنز، راین خراڤنبێرخ، دۆمینیک سۆبۆسلای، واتارو ئێندۆ، هارڤی ئیلیەت، محەمەد سەڵاح، لویز دیاز، دیۆگۆ جۆتا، داروین نونێز، کۆدی خاکپۆ و کۆنۆر بڕادلی.
چەند یاریزان تاوەکو شایستەییبوونی وەرگرتنی مێدالیایان نییە؟
تاوەکو ئێستا چەندین یاریزان هەن، ژمارەی پێویستی یارییان لەگەڵ تیمی یەکەم نەکردووە و تاوەکو ئێستا بەگوێرەی یاسا ناتوانن مێدالیا بەدەستبهێنن؛
فێدێریکۆ کیێزا، ڤیتێزسلاڤ یارۆش، هارڤی دەیڤس، ئامارا نالۆ، ئایزاک ئێمبایا، جەیمس مەککۆنێڵ، ترێی نیۆنی، تایلەر مۆرتن، کیران مۆریسن، رانێڵ یەنگ، ریۆ ئێنگومۆها، ترێنت کۆن دۆهێرتی.