یۆکێرێش یان سەڵاح؛ کامیان خەڵاتی پێڵاوی زێڕین دەباتەوە؟
کێبڕکێی گۆڵکاری خولە بەهێزەکانی ئەوروپا گەرمە

یاریگا –
پێشبڕکێی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی ئەوروپا گەرمە، یۆکێرێش بەپێش محەمەد سەڵاح کەوتەوە و بە زۆرترین خاڵ و گۆڵ پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی خولە بەهێزەکانی ئەوروپای گرتووە.
یۆکێرێش هێرشبەری سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگاڵی لەم وەرزەی خولی نایابی پۆرتوگاڵ لە 30 یاری 38 گۆڵی کردووە و بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ پێشەنگی لیستی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی گرتووە، کە بەگوێرەی یاسای خەڵاتەکە هەر گۆڵێک لە خولی پۆرتوگاڵی بە 1.5 خاڵ هەژمار دەکرێت.
محەمەد سەڵاح هێرشبەری لیڤەرپوول لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە 34 یاری 28 گۆڵی کردووە و بە 56 خاڵ لە پلەی دووەم دێت، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش لە 31 یاری 25 گۆڵی کردووە و بە 50 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت.
هاری کەین هێرشبەری بایرن میونشن لەم وەرزە لە 29 یاری 24 گۆڵی کردووە و 48 خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی چوارەمی ریزبەندییەکە دێت، ماتیۆ رێتێگی هێرشبەری ئاتاڵانتاش لە 32 یاری 24 گۆڵی کردووە و 48 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی پێنجەم دێت.
خەڵاتی پێڵاوی زێڕین لەوەتەی ساڵی 1968 دابەش دەکرێت، کە ئێستا کۆمەڵەی میدیاکارانی وەرزشی ئەوروپا سەرپەرشتی خەڵاتەکە دەکات، لیۆنێل مێسی بە 6 خەڵات خاوەنی زۆرترین ریکۆردە لە مێژووی خەڵاتەکە.