کامیان باشترین یاریزانی مێژووی پرێمەرلیگە؛ تێری هێنری یان محەمەد سەڵاح؟
بەراوردی ئامار و دەستکەوتەکانیان لە مێژووی پرێمەرلیگ

یاریگا –
محەمەد سەڵاح دوای ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا و هەنگاوێکیش لە بەدەستهێنانی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی ئەم وەرزە دوورە، لەلایەن هاندەرانی لیڤەرپوولەوە بە باشترین یاریزانی مێژووی پرێمەرلیگ دادەنرێت، مشتومڕ لەبارەی بەراوردکاریی نێوان محەمەد سەڵاح و تێری هێنری دروستبووە.
ئێستا دەپرسین کامیان باشترین یاریزانی مێژووی پرێمەرلیگە، محەمەد سەڵاح یان تێری هێنری؟
ئامار و دەستکەوتەکانی تێری هێنری؛ ئاسکە فەڕەنسییەکەی ئارسیناڵ
تێری هێنری لە سەرەتای ساڵانی 2000 لەگەڵ ئارسیناڵ گەیشتە لوتکەی پرێمەرلیگ، دوو نازناویان بەدەستهێنا کە نازناوێکیان لە وەرزی 2003/2004 زێڕین بوو، بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنن هێنری و هاوڕێیەکانی بوونە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.
هێرشبەرە فەڕەنسییەکەی گەنەرز لە پرێمەرلیگ لە ماوەی 11 وەرزی جیاوازدا لە 258 یاری 175 گۆڵ و 74 ئەسیستی کردووە، چوار جار بووەتە گۆڵکاری خولەکە و پێڵاوی زێڕینی بەدەستهێناوە، دوو جار بە باشترین یاریزانی وەرز دیاریکراوە و چوار جاریش خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگانەی لە خولەکە پێبەخشراوە.
ئامار و دەستکەوتەکانی محەمەد سەڵاح؛ فێرعەونەکەی لیڤەرپوول
محەمەد سەڵاح خەریکە لە پرێمەرلیگ سەرجەم ریکۆرد و ژمارەکان بەناوی خۆیەوە دەکات و تەواوی دەستکەوتەکان لە خولەکە بەناوی خۆی تاپۆ دەکات، ئەم وەرزە لە زۆربەی ئامار و دەستکەوتەکان تێری هێنری تێپەڕاند.
سەڵاح لە پرێمەرلیگ لە 297 یاری 185 گۆڵ و 87 ئەسیستی کردووە، ئەم وەرزە بۆ جاری دووەم بووە پاڵەوانی خولەکە و بە تۆمارکردنی 28 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و نزیکە بۆ جاری چوارەم پێڵاوی زێڕین بەدەست بهێنێت، کە ئالێکساندەر ئیساک بە 22 گۆڵ زنیکترین رکابەرییەتی.
فیرعەونە میسرییەکە کە 11 وەرزە لە پرێمەرلیگ یاریی دەکات، پێشتر جارێک بە باشترین یاریزانی وەرز دەستنیشانکراوە و حەفت جاریش خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگانەی لە خولەکە بەدەستهێناوە.