مێرکاتۆی ئاگرین؛ ریال مەدرید شۆڕشی گواستنەوەکان دەستپێدەکات
رۆژنامەی مارکا دوایین پەرەسەندنەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
دوای لەدەستدانی جامی شای ئیسپانیا و زۆربوونی دەنگۆی جیابوونەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی و ریال مەدرید، سەرنجی یانەکە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەکەیە و گواستنەوەی چەند یاریزانێک، مشتومڕی گەرمی یانەکەیە.
هەرچەندە هێشتا چارەنووسی ئانچێلۆتی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یەکلایینەبووەتەوە، بەڵام لە ئێستاوە چەند بیرۆکەیەک گەنگەشە دەکرێن.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، دەستەی کارگێڕی یانەکە کار لەسەر گواستنەوەی دڵی بەرگریکار و ناوەڕاستکارێک دەکات. گواستنەوەکانی هێڵی بەرگری بە چەند فاکتەرێکەوە پەیوەستە، لە سەرووی هەموویانەوە دۆخی جەستەیی دەیڤد ئالابا و ئیدێر میلیتاو، هەروەها گەڕانەوەی خوان مارتینێز بۆ پێکهاتەی یەکەم، لە نێو هەڵسەنگاندنەکان دەبێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر بە زارەکی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە ریال مەدرید رێککەوتووە، ئەمەش مشتومڕەکان لەبارەی گواستنەوەی بۆ خولی رۆشنی سعوودیە تەواو رووندەکاتەوە، سادەتر بڵێین؛ دۆسیەکە دادەخرێت.
ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە هیچ گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستی ڤینی و ریال مەدرید نەهێت، ئەوا لە کۆتایی وەرز هەموو شتێک دەکرێتە فەرمی و نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس ئاشکرا دەکرێت.
هاوکێشەی ئارنۆڵد
ئامانجی سەرەکی ریال مەدرید مسۆگەرکردنی گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدە. بەرپرسانی باڵای ریال مەدرید پێیان وایە، ئاهەنگگێڕانی دوێنێی ئارنۆڵد لە ئانفیڵد، ئاماژەی روونی بۆ نزیکبوونەوەی ماڵئاوایی لە لیڤەرپوول تێدابوو.
مارکا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا ئارنۆڵد و ریال مەدرید لەسەر هەموو وردەکارییەک رێکنەکەوتوون، بەڵام گەشبینییەکی زۆر بۆ گواستنەوەی هەیە و بژاردەی گۆڕینی رای ئارنۆڵدیش بەردەوام لە هزردایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، دوورنییە ئارنۆڵد بە درێسی سپی بەشداری مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام ئەمە پێویستی بە رەزامەندی پێشوەختەی لیڤەرپوولە، تاوەکو لە سەرەتای یۆنیۆ/حوزەیران مۆڵەتی گواستنەوەی پێبدات.
چارەسەرکردنی کێشەی باڵی چەپ
ریال مەدرید هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ دۆخی تەواوی بەرگریکارانی دەکات، بەڵام سەرنجی سەرەکی لەسەر باڵی چەپە، چونکە فێرلاند مێندی زۆربەی کات تووشی پێکان دەبێت و فران گارسیاش نەیتوانیوە بە تەواوی خۆی بسەلمێنێت.
لە ماوەی رابردوو پڕۆسەی گەڕان بەدوای بەرگریکارێکی باڵی چەپ دەستیپێکردووە، جیا لە بوونی لۆرێنزۆ ئاگوادۆ و ڤیکتۆر ڤالدێپێناس لە تیمی کاستیا، دەستەی کارگێڕی دەیەوێت کێشەکە بە تەواوی چارەسەربکات.
میلۆس کێرکێز، بەرگریکاری هەنگاری و بۆرنمس، دیارترین ناوە و بەردەوام باس دەکرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، کێرکێز لەگەڵ سیستمی ریال مەدرید دەگونجێت، بەڵام چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ رکابەری لەسەر یاریزانە لاوەکە دەکەن.
لە هێڵی ناوەڕاست؟
لە ماوەی رابردوودا، ناوی ئەلێکسیس ماک ئالیستەر، ئەستێرەی لیڤەرپوول لە نێو ژوورەکانی بێرنابیۆ قسەی لەبارەوە کراوە. ستافی راهێنەرایەنی مەدرید زۆر بە ئەلێکسیس سەرسامن و پێیان وایە دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی هێڵی ناوەڕاست چارەسەربکات.
ماک ئالیستەر دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێزی ئۆرێلیەن چوامینی، ئێدواردۆ کاماڤینگا، دانی سێبایۆس و فێدێریکۆ ڤالڤێردی.