
یاریگا –
لیڤەرپوولییەکان دڵییان بە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ ‘زۆر’ خۆشە، بەڵام چاوێکیان هەر لەسەر داهاتووی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدە.
دوای دوو مانگی دیکە، گرێبەستی ئەستێرە ئینگلیزییەکە لە لیڤەرپوول بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ مانەوەی لە ئانفیڵد نییە، بەڵکو زۆربەی راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی باس لە نزیکبوونەوەی لە ریال مەدرید دەکەن، تەنانەت باس لە رێککەوتنی سەرەتایی نێوانیانیش دەکرێت.
ئارنۆڵد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە یاریی بۆ لیڤەرپوول دەکات و هەموو نازناوێکی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە، دوێنێ بۆ دووەمجار نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ لیڤەرپوول بردەوە.
رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، هاندەرانی لیڤەرپوول هیوایەکی زۆریان بە مانەوەی ئارنۆڵدە و پیێان وایە، ئاهەنگگێڕانی دوێنێی نێو ئانفیڵد، لەوانەیە کاریگەری لەسەر بڕیاری داهاتووی دروستبکات.
لە ساتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە، ئارنۆڵد و جۆن دەبڵیو هێنری، خاوەنی لیڤەرپوول بە یەکەوە بیندران و گفتوگۆیەکی قووڵیان کرد، ئەمەش پرسیاری زۆری لای هاندەران دروستکردووە.
کۆدی خاکپۆ لە دوای یارییەکە روونیکردەوە
بە مانەوەی محەمەد سەڵاح و ڤیرجیڵ ڤان دایک دڵخۆشین و هیوادارین ترێنتیش بمێنێتەوە، تاوەکو تیمەکەمان بەهێزتر بکەین.
هەفتەی رابردوو، لیڤەرپوول بە تاکە گۆڵی ترێنت ئارنۆڵد لە لێستە سیتی بردەوە و دوای یارییەکە گوتی
بەدرێژایی وەرز ئەوەم راگەیاندووە، قسە لەسەر داهاتووی خۆم ناکەم، ئەمانە ساتی زۆر تایبەتن بۆ من و دەمەوێت چێژییان لێوەربگرم.
ئارنۆڵد 370 یاریی لەگەڵ لیڤەرپوول کردووە، خاوەنی 27 گۆڵ و 94 ئەسیستە و یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی باڵی راست لەسەر ئاستی ئەوروپا.