
یاریگا –
ئانتۆنیۆ رودیگەر، بەرگریکاری ریال مەدرید لە یەکەم کاردانەوەی دوای یارییە دراماتییەکەی شەوی رابردووی جامی شای ئیسپانیا هاتەدەنگ.
رودیگەر بەر لە تەواوبوونی یارییەکە، بەنیازبوو هێرشبکاتە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی بە کارتی سوور.
لە یەکەم کاردانەوەیدا، رودیگەر لە ستۆری ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی
بەدڵنیاییەوە هیچ بیانووێک بۆ هەڵسوکەوتی شەوی رابردووم نییە. زۆر داوای لێبووردن دەکەم.
لە دوای گێمی دووەم یارییەکی زۆر باشمان کرد بەڵام لە دوای خوولەکی 111 نەمتوانی چیدیکە یارمەتی تیمەکەم بدەم، بەر لە فیکەی کۆتایی هەڵەیەکم کرد.
داوای لێبووردن لە ناوبژیوان و هەموو ئەوان دەکەم کە شەوی رابردوو نیگەرانم کردن.

بارسێلۆنا یارییەکە 3-2 لە ریال مەدرید بردەوە و هانزی فلیک، راهێنەری بارسا باڵا دەستی خۆی بەرامبەر کارلۆ ئانچێلۆتی دووپاتکردەوە. ریال مەترسییەکی گەورەی لەسەرە، ئەم وەرزە بەبێ هیچ دەستکەوتێک تەواو بکات، ئەوە جامی شای لەدەستدا و لە لالیگاش چوار خاڵ لەدواوەیە و پێشتریش لە چامپیۆنزلیگ لەسەردەستی ئارسیناڵ دەرکرابوو.
رودیگەر لە پێکهاتەی سەرەکی ئانچێلۆتیدابوو، بەڵام لە گێمی زیادکراو گۆڕانکاری پێکرا. لە دوای گۆڵە لەناکاوەکەی ژووڵس کۆندێ، یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر هەستیاربوون لە بڕیارەکانی ناوبژیوان.
لە دوا ساتەکانی یارییەکە، فاوڵێک لەسەر کیلیان ئێمباپێ هەژمارکرا و ئەمەش کاردانەوە و تووڕەبوونێکی بێسنووری یاریزانانی ریال مەدرید و بە تایبەتی رودیگەری لێکەوتەوە.
یاریزانە ئەڵمانییەکە هەوڵی تێگرتنی کیسێک سەهۆڵی لە ناوبژیواندا، بەڵام یاریزانانی ریال مەدرید رێگرییان لێکرد، هەربۆیە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
میدیاکانی ئیسپانیا باس لە ئەگەری سزادانی رودیگەر بۆ ماوەیەکی درێژ دەکەن، رادیۆی کادێنا سێر بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە رودیگەر لە نێوان چوار بۆ 12 یاریی سزابدرێت.
راپۆرتی ناوبژیوان
دوای تەواوبوونی یارییەکە، چەند میدیایەک ناوەڕۆکی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکەیان بڵاوکردەوە. ناوبژیوان لە راپۆرتەکەدا تەواوی وردەکارییەکانی یارییەکە رادەستی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لیژنەی تەمبێکاری دەکات.
لە خوولەکی 120دا، رودیگەر بەهۆی تێگرتنی تەنێکەوە لە زۆنی یاریزانان و ستافی ریال مەدرید کارتی سووری وەرگرتووە، هەرچەندە تەنەکە بەر من نەکەوت، دوای ئەوەی کارتی سووریشم پێدا، یاریزانەکە نەوەستا و هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەی پیشاندا و ستافی هونەری ریال مەدرید خەریکی هێورکردنەوەی بوون.
پێشبینی دەکرێت رودیگەر بە توندی سزابدرێت، هەرچەندە شەش ئەندام و یاریزانی ریال مەدرید خەریکی هێورکردنەوەی بوون، بەڵام لە هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە بەردەوام بوو.
راپۆرتی ناوبژیوان؛ سزایەکی توند چاوەڕێی سێ ئەستێرەی ریال مەدرید دەکات