
یاریگا –
مارکوس راشفۆرد، بەهۆی پێکان بەشداری لە یاریی شەوی رابردووی قۆناخی پێشکۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا نەکرد، لەو یارییەی ڤیلانز 0-3 بە کریستال پاڵاس دۆڕا.
راشفۆرد لە مەشقەکانی پێنجشەممە رابردوو تووشی پێکان بوو، بەهۆی پێکانەکەوە نەیتوانی بەشداری لە یارییە چارەنووسسازەکەی پاڵاسدا بکات. هەریەکە لە ئیسماعیلا سار دوو گۆڵ و ئێبێرێچی ئیزێ گۆڵێکی یارییەکەی کرد.
یونای ئێمری، راهێنەری ئاستۆن ڤیلا لە دوای یارییەکە باسی پێکانەکەی راشفۆردی کرد و دووپاتیکردەوە، راشفۆرد تووشی پێکانی ران (هامسترینگ) بووە.
راشفۆرد پێککراوە، پشکنینەکان دەریانخستووە، ماسوولکەی رانی (هامسترینگ) تووشی پێکانبووە، هەوڵدەدەین بەزووترین کات هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی بکەین و بە ئەگەرێکی زۆرەوە، چەند هەفتەیەک دووردەکەوێتەوە.
راشفۆرد لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوو، بە خواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە ئاستۆن ڤیلا کرد و تاوەکو ئێستا چارەنووسی لە یانەکەی شاری بیرمینگهام یەکلایینەبووەتەوە.