ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

راپۆرتی ناوبژیوان؛ سزایەکی توند چاوەڕێی سێ ئەستێرەی ریال مەدرید دەکات

ناوبژیوان راپۆرتەکەی رادەستی لیژنەی تەمبێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە

Yariga App

یاریگا –

هەرسێ ئەستێرەی ریال مەدرید ئانتۆنیو رودیگەر، لوکاس ڤاسکێز و جوود بێڵینگهام رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە.

هەرسێ یاریزانەکە لە یاریی کۆتایی شەوی رابردووی جامی شای ئیسپانیا لە بەرامبەر بارسێلۆنا بە کارتی سوور دەرکران.

بارسێلۆنا یارییەکە 3-2 لە ریال مەدرید بردەوە و هانزی فلیک، راهێنەری بارسا باڵا دەستی خۆی بەرامبەر کارلۆ ئانچێلۆتی دووپاتکردەوە. ریال مەترسییەکی گەورەی لەسەرە، ئەم وەرزە بەبێ هیچ دەستکەوتێک تەواو بکات، ئەوە جامی شای لەدەستدا و لە لالیگاش چوار خاڵ لەدواوەیە و پێشتریش لە چامپیۆنزلیگ لەسەردەستی ئارسیناڵ دەرکرابوو.

رودیگەر لە پێکهاتەی سەرەکی ئانچێلۆتیدابوو، بەڵام لە گێمی زیادکراو گۆڕانکاری پێکرا. لە دوای گۆڵە لەناکاوەکەی ژووڵس کۆندێ، یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر هەستیاربوون لە بڕیارەکانی ناوبژیوان.

لە دوا ساتەکانی یارییەکە، فاوڵێک لەسەر کیلیان ئێمباپێ هەژمارکرا و ئەمەش کاردانەوە و تووڕەبوونێکی بێسنووری یاریزانانی ریال مەدرید و بە تایبەتی رودیگەری لێکەوتەوە.

یاریزانە ئەڵمانییەکە هەوڵی تێگرتنی کیسێک سەهۆڵی لە ناوبژیواندا، بەڵام یاریزانانی ریال مەدرید رێگرییان لێکرد، هەربۆیە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.

میدیاکانی ئیسپانیا باس لە ئەگەری سزادانی رودیگەر بۆ ماوەیەکی درێژ دەکەن، رادیۆی کادێنا سێر بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە رودیگەر لە نێوان چوار بۆ 12 یاریی سزابدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڤاسکێز چووە سەر چیمەنی یاریگا و ناڕەزایەتی دەربڕی، بۆیە ناوبژیوانی یارییەکە کارتێکی سووری بەڕوودا بەرزکردەوە. بێڵینگهامیش بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بە کارتی سوورکرایە دەرەوە.

رۆژنامەی مارکا سەرەتا رایگەیاندبوو، ڤینیسیۆس جونیۆر کارتی سووری وەرگرتووە، بەڵام رادیۆی کادێنا کۆپێ هەواڵەکەی مارکای رەتکردەوە و پشتڕاستیکردەوە، بێڵینگهام کارتە سوورەکەی وەرگرتووە.

بەگوێرەی رێساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، هەرسێ یاریزانەکە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور، ناتوانن بەشداری یاریی داهاتوو بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا بکەن، بەڵام ئەگەر سزاکەیان زیادبکرێت، ئەوا ناتوانن بەشداری لە یاریی کلاسیکۆی لالیگا لە 11ی مانگی داهاتوودا بکەن.

راپۆرتی ناوبژیوان

دوای تەواوبوونی یارییەکە، چەند میدیایەک ناوەڕۆکی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکەیان بڵاوکردەوە. ناوبژیوان لە راپۆرتەکەدا تەواوی وردەکارییەکانی یارییەکە رادەستی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لیژنەی تەمبێکاری دەکات.

لە خوولەکی 120دا، رودیگەر بەهۆی تێگرتنی تەنێکەوە لە زۆنی یاریزانان و ستافی ریال مەدرید کارتی سووری وەرگرتووە، هەرچەندە تەنەکە بەر من نەکەوت، دوای ئەوەی کارتی سووریشم پێدا، یاریزانەکە نەوەستا و هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەی پیشاندا و ستافی هونەری ریال مەدرید خەریکی هێورکردنەوەی بوون.

لە هەمان خوولەکدا، ڤاسکێز بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر بڕیارێکی ئێمە، چەند مەترێک هاتە نێو یاریگا و ئاماژەی جیاوازی دەربڕی، کە هەمووی نیشانەی ناڕەزایەتی بوون.

بێڵینگهام دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، بە هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە لێمان نزیکبووەوە، هاوڕێکانی ناچاربوون بۆ هێورکردنەوەی دەستوەردان بکەن.

راپۆرتی ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا

پێشبینی دەکرێت رودیگەر بە توندی سزابدرێت، هەرچەندە شەش ئەندام و یاریزانی ریال مەدرید خەریکی هێورکردنەوەی بوون، بەڵام لە هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە بەردەوام بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button