
یاریگا –
زاخۆ لە یاریگای خۆی و بەبێ ئامادەبوونی هاندەر میوانداری دیالا دەکات و ئمجەد عەتوانیش بۆ یارییەکە ئامادە نابێت.
لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، شەممە ( 26ـی نیسانی 2025 ) زاخۆ لە یاریگای خۆی کاتژمێر 7:30ـی شەو رووبەڕووی دیالا دەبێتەوە، بەهۆی سزای لیژنەی تەمبێکردن لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەدەچێت، سزاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی کە یاریی رابردوو لە نێوان نەورۆز و زاخۆ روویدا.
بۆ ئەم یارییەش زاخۆ بەهۆی پێکانەوە لە توانای ئەمجەد عەتوان بێبەش دەبێت، ژیلوان حەمەدیش بەهۆی نارازی بوونی راهێنەر لە ئاستی یاریزانەکە گومان دەکرێت ناوی لە لیستی یاریزانە بەشداربووەکان بێت بۆ یارییەکە، لە سێ یاریی رابردوودا لە شوێنی ژیلوان حەمەد راهێنەر سیداد حاجی یاریزانی لاوی تیپەکەی بانگهێشتکردووە.
لە پێنج یاریی نێوانیان کە لە خولی فەرمی بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە دیالا هیچ سەرکەوتنێکی نیە، زاخۆ چوار سەرکەوتنی هەیە و لە یارییەکیشدا یەکسان بوونە، زاخۆ 12 گۆڵی تۆمار کردوە و دیالاش تەنها سێ گۆڵی کردووە،
دیالا دوو یاریی رابردووی بەرامبەر قوەجەوییە و نەفتی میسان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، زاخۆ دوو یاریی رابردوو بەرامبەر نەفتی میسان شکست بەش بووە و لەگەڵ نەورۆزیش بەبێ گۆڵ یەکسان بوو.
زاخۆ لە دۆخێکی خراپدایە و دوایین چانسی تاقیدەکاتەوە بۆ بەردەوامیدان لە رکابەری ناسناوی ئەم وەرزە، بە پێچەوانەوە هەر ئەنجامێک جگە سەرکەوتن زاخۆ لە کێبڕکێکە دوور دەخاتەوە، بە 52 خاڵ زاخۆ لە ریزبەندی سێیەم دێت، دیالاش 24 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 18ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.