
یاریگا –
ئەگەری هەیە ریال مەدرید بەشداریی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا نەکات و بکشێتەوە.
هەردوو رۆژنامەی مارکا و موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویانکردووەتەوە، بەشداریکردنی ریال مەدرید لە یاریی کلاسیکۆ مسۆگەر نییە و یانە مەدریدییەکە بیر لە بەشداریی نەکردنی لەو یارییە دەکاتەوە.
چەند خولەکێک لەمەوبەر فیبراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاش بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ریال مەدرید ئاگاداریکردووینەوە، کە بەشداری کۆنگرەی رۆژنامەوانی و هیچ بۆنەیەکی فەرمی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ناکات.
🚨 El Real Madrid CF ha comunicado a la RFEF que no llevará a cabo la rueda de prensa ni el entrenamiento oficial previo a la final de la #CopaDelReyMAPFRE programado para hoy en el estadio La Cartuja de Sevilla. pic.twitter.com/x5wJSn2Xut
— RFEF (@rfef) April 25, 2025
هۆکاری ئاڵۆزییەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ دێ بۆرگۆس ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە دەستی بە گریان کرد، یانەی ریال مەدرید متمانەی بەو ناوبژیوانە لەدەست داوە و داوای گۆڕینی دەکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا داوایەکەی ریال مەدریدی رەتکردووەتەوە و بڕوای وایە ناتوانرێت ناوبژیوانی یارییەکە بگۆڕدرێت.
سبەی شەممە کاتژمێر 22:00 ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای لاکارتۆخا لە سێڤییا بەیەک دەگەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا و رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئەگەرێکی بەهێز هەیە هەیە ریال مەدرید لە یارییەکە بکشێتەوە و بەشداریی نەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە پاسی یانەی ریال مەدرید چووبووە بەردەم یاریگا تاوەکو مەشق بکەن، بەڵام یاریزانەکان گەڕانەوە پاسەکە و مەشقەکان هەڵوەشێنرانەوە.