
یاریگا –
ریال مەدرید هەڵوێستێکی توند لەدژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەگرێتەبەر.
بڕیاربوو ئەمشەو 25ـی نیسان کاتژمێر 20:15 بەکاتی هەولێر کارلۆ ئانچێلۆتی و لوکا مۆدریچ بەشداریی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بکەن، بەڵام ریال مەدرید کۆنگرەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بە بڕیاری فلۆرێنتینۆ پێرێز ریال مەدرید بەشداریی کۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەکە ناکات، هەروەها بڕیاربوو ئەمشەو لە سێڤییا مەشق و ئامادەکاری بۆ یارییەکە بکەن، هەر بە بڕیاری پێرێز مەشقەکانیش هەڵوەشاوەتەوە و هیچ ئامادەکارییەک ناکەن.
جیا لەوەش خودی فلۆرێنتینۆ پێرێز بەشداری ئێوارەخوانەکەی ئەمڕۆی نەکردووە، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ساڵانە بەر لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رێکیدەخات.
⚪❌ El Real Madrid se planta: ¡¡¡Ni entrena, ni rueda de prensa, ni cena oficial!!! ⚽
✍️ Te lo cuenta @jdelriomuradas 👇https://t.co/IOcJ1Ic2lX
— MARCA (@marca) April 25, 2025
هاوکات ریال مەدرید بڕیاریداوە بەشداریی هیچ بۆنەیەکی فەرمی کلاسیکۆی جامی شای ئیسپانیا ناکات و هیچ وێنەیەکی فەرمیش ناگرن.
هۆکاری ئاڵۆزییەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ دێ بۆرگۆس ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە دەستی بە گریان کرد، یانەی ریال مەدرید متمانەی بەو ناوبژیوانە لەدەست داوە و داوای گۆڕینی دەکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا داوایەکەی ریال مەدریدی رەتکردووەتەوە و بڕوای وایە ناتوانرێت ناوبژیوانی یارییەکە بگۆڕدرێت.
سبەی شەممە کاتژمێر 22:00 ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریگای لاکارتۆخا لە سێڤییا بەیەک دەگەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا و رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئەگەری هەیە ریال مەدرید لە یارییەکە بکشێتەوە و بەشداریی نەکات.