
یاریگا –
دوو نوێنەرەکەی کوردستان لە خولی نایابی عێراق سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و موسڵیش بەردەوامە لەسەر ئەنجامە باشەکانی.
لە گەڕی 26ـی خولی نایابی عێراق، پێشمەرگەی سلێمانی دووەم سەرکەوتنی لەسەر دەستی ئەرسەلان جەلالی راهێنەر بەدەست هێنا و 3 _ 1 لە نەفتی ناوەڕاستی بردەوە، پێشمەرگە دوای گۆڕینی راهێنەرەکەی لە دوو یاریی رابردوودا شەش خاڵی بەدەست هێناوە.
ئەرسەلان جەلال راهێنەری کاتی تیپەکەیە و دوای دوو سەرکەوتن رەنگە بکرێتە راهێنەری بەردەوامی پێشمەرگە، لە کۆی 26 یاریی پێشمەرگە بە 31 خاڵ هاتە ریزبەندی 12ـەی خولەکە و گەڕی داهاتووش میوانداری مەسافی دەکات.
گازی باکوور دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەست هێنا، گازی باکوور 2 _ 1 لە ئیتیساڵاتی بردەوە و لە خولەکی 90+8 گۆڵی سەرکەوتنیان تۆمار کرد، تیپەکەی کەرکوک بە 29 خاڵ هاتە ریزبەندی 16ـەی خولی نایابی عێراق و گەڕی داهاتووش میوانداری حوسێن دەکات.
موسڵ بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 0 لە بەحری بردەوە، بەسێ یاریزانی کوردەوە موسڵ نزیکە سسەرکەوێت بۆ ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو، موسڵ بە 49 خاڵ لە ریزبەندی دووەم دێت، گەڕی داهاتووش لە ئاکرێ میوانداری ئیتیساڵات دەکات.