راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

راهێنەری دهۆک بێهیوابوونی لە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند و رەخنەی توند لە یاریزانان و هاندەرانی یانەکەی دەگرێت

دەڵێت: ئەوەی بەرامبەر پەشەنگ دەیکەن بەرامبەر سیابەندیش کردتان، تکایە جارێکی دیکە وامەکەن

Yariga App

یاریگا –

مەسعود میرال راهێنەری دهۆک دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر کارەبا رەخنەی توندی لە یاریزانان و هاندەرانی یانەکەی گرت، بێهیوابوونی یانەکەشی لە بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند.

دوای ئەوەی لە گەڕی بیست و نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق 1-0 بە کارەبا دۆڕان، مەسعود میرال راهێنەری دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە رەخنەی توندی لە یاریزانەکانی گرت و گوتی :’تەواو ئێمە نابینە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، شوڕتە یان زەوڕا نازناوەکە دەبەنەوە’.

راهێنەرەکەی دهۆک رەخنەی توندی لە یاریزانەکانی گرت و دوای یارییەکەی کارەبا گوتی :’هەندێک یاریزان بەس بۆ پارە و پاداشتی دارایی یاریی دەکەن، بەداخەوە لە یارییەکەمان بەرامبەر کارەبا تەنیا دوو یاریزان بە جددی (رژدی) یارییان دەکرد، لەوەتەی بووینەتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، هەر رۆژێک یاریزانێک داواکارییەکی هەیە، یاریزانێک دەڵێت پێویستە بەرامبەر حدوود پشوو بدەم، یاریزانێک دەڵێت هەفتەیەک مۆڵەتم پێبدە یان یاریزانێک دێت دەڵێت سێ رۆژ دەمەوێت گەشتێک بکەم، ئەمە بێڕیزییە بەرامبەر تۆپی پێ’.

مەسعود میرال گوتیشی :’لە خولی عێراق ئاسانە بگەیتە لوتکە، بەڵام زۆر زەحمەتە پارێزگاری لە لوتکە بکەی، ئێمە تەواو نابینە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، شوڕتە یان زەوڕا نازناوەکە دەباتەوە، یاریی تۆپی پێ بۆ هەمووانە، هەرکەسێک ئازادە بۆ چی یاریی دەکات، هەندێک بۆ خۆشی و هەندێک تەنیا بۆ شادی یاریی دەکەن، ئێمە یاریزانەکانمان وەکو منداڵ تەنیا بیریان لای پشوودان و پاداشتوەرگرتنە، ئەگەر لە ساڵانی داهاتوو بمانەوێت ببینە پاڵەوانی خول، دەبێت وەکو یانەیەکی لوتکە هەڵسوکەوت بکەین’.

لە یارییەکەی کارەبا دوای ئەوەی راهێنەرەکەی دهۆک ئیبراهیم غازی لە یاریگا هێنا دەرەوە و پەشەنگ عەبدوڵا لە یارییەکە بەردەوام بوو، بەشێک لە هاندەرانی دهۆک لەناو یاریگا فیکەیان بۆ پەشەنگ لێدا و رەخنەیان لە ئاستی ئەو هێرشبەرە گرت.

مەسعود میرال دوای یارییەکە لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام وەڵامی هاندەرانی دهۆکی داوەتەوە و بەرگری لە پەشەنگ عەبدوڵا کردووە و نووسیویەتی

پەشەنگ عەبدوڵا کاتێک ئێمە باش نەبووین لە 11 یاری 11 خاڵی بۆ ئێمە بەدەستهێناوە، ئەو یەکێک بوو لەوانەی رێگاکەی بە ئێمە پیشان دا، ئەو لەو جۆرانەیە یەکەم کەس دێتە راهێنانەکان و دوایین کەسیشە دەچێتەوە، هەموو رۆژێک هەوڵی باشتر دەدات.

لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ گۆڵی نەکرد، ئێوە رێزتان لە دڵسۆزترین یاریزانی دهۆک نەگرت.

چوار مانگ لەمەوبەر هەمان کارتان بەرامبەر سیابەند عەگید کرد، تۆپی پێ واتە هاندەران و یاریزانان، من پێتان دەڵێم براکانم و خوشکانم، تکایە جارێکی دیکە فیکە بۆ یاریزانەکانم لێمەدەن، ئێمە بەیەکەوە دەبەینەوە و بەیەکەوە دەدۆڕێین، ئێمە یەک خێزانین.

پەشەنگ عەبدوڵا لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 20 یاری هەزار و 275 خولەک یاریی کردووە، 6 گۆڵ و 3 ئەسیستی بۆ هەڵۆیەکانی چیا کردووە، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداویش لە کۆی 270 خولەک گۆڵێک و ئەسیستێکی بۆ یانەکەی کرد.

دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، شەش یاریی دواخراوی هەیە و لەکۆی 23 یاری 12 بردنەوەی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولەکە دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button