
یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ لە دەرگای هەڵبژاردەیەکی گەورەوە یەکەمین ئەزموونی راهێنەرایەتی وڵاتێک تاقیدەکاتەوە.
مۆرینیۆ لەوەتەی ساڵی 2000 کە وەک راهێنەری پیشەگەر لەگەڵ بێنفیکا ناوی دەرچوو، تا ئێستا کە لە فەنەرباچێی تورکییە چەندین یانەی ناوداری ئەوروپای تاقیکردووەتەوە. لەوانە چێڵسی، ئینتەر میلان، ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد، تۆتنهام و رۆما.
بەگوێرەی زانیارییەکانی CNNی ئەمریکی کە بەشێکی زۆر له مێدیاکانی دیکەش بایەخیان پێداوە، ئەگەرێکی کراوەیە جۆزێ ئەرکی راهێنەرایەتی پۆرتوگال وەربگرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی زانیوە کە رەنگە لە مۆندیالی 2026 ئەوە رووبدات.
راهێنەری ئێستای پۆرتوگال رۆبێرتۆ مارتینێزە کە لە یۆرۆی 2024 نەیتوانی ئەنجامێکی ئەوتۆ بۆ هەڵبژاردەکە دەستەبەر بکات و هەر لە قۆناخی چارەکی کۆتایی ماڵئاواییان کرد.