مەترسییەکی جیدی لەسەر لەدەستدانی تواناکانی رافینیا دروستبووە
رۆژنامەی سپۆرت زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە

یاریگا –
یانەکانی سعوودیە لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکانی ئەوروپا کۆڵ نادەن و ئێستا چاودێری چەندین ئەستێرەی لالیگا دەکەن.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە یانەی هیلال ئۆفەرێک بەبڕی 200 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی چوار ساڵ پێشکەشی رافینیا، ئەستێرەی بارسێلۆنا بکات، واتە مووچەی ساڵانەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەگاتە 50 ملیۆن دۆلار.
هیلال خزمەتەکانی نێیمار دا سیلڤای لەدەستدا و دەیەوێت بۆ هاوینی داهاتوو و بەر لەدەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، ئەستێرەیەکی گەورە بگوازێتەوە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بەمدوواییە هیلال شاندێکی گەورەی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان ناردووەتە بارسێلۆنا، تەنانەت بارسا ئۆفەرێی فەرمی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی بارسا کردووە.
بارسێلۆنا بە دۆخێکی سەختی دارایی تێدەپەڕێت و ئۆفەری لەمجۆرە، دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرەڕای ئۆفەرە گەورەکان، بەڵام رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات، رافینیا نایەوێت لەم ساتەدا بارسا جێبهێڵێت، بەڵکو چاوی لەسەر چنینەوەی نازناوەکان داناوە.
لەم وەرزەدا رافینیا وەکو یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی یانەکە دەردەکەوێت و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت.
بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستی رافینیا بۆ ماوەیەکی کورت نوێبکاتەوە، چونکە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دارایی خۆیان بێت، دەبێ ساڵ دوای ساڵ پێداچوونە بە دۆخی دارایی بکەن و هەنگاوەکانی دواتر دەستنیشان بکەن.