ڤان دایک: لەگەڵ یاریزانەکان بەیەکەوە سەیری یارییەکەی ئارسیناڵ دەکەین و ئاهەنگ دەگێڕین

یاریگا –
لیڤەرپوولەکەی ئارنێ سلۆت، ئەمڕۆ یاریی نییە، بەڵام بە گوێڕەی ئامارەکانەوە دەتوانێت نازناوی پرێمەرلیگ مسۆگەر بکات.
رێدز بە 13 خاڵ لە پێشەنگی ئارسیناڵە و پرێمەرلیگ پێنج هەفتەی ماوە، بەڵام ئەگەر ئارسیناڵ ئەمڕۆ لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس لە دێربی لەندەن بدۆڕێت ئەوا خوێندکارەکانی سلۆت لە ماڵەوە ئاهەنگی پالەوانبوونیان دەگێرن.
یەکشەممەی رابردوو، ئارسیناڵ یەکەم هەلی لیڤەرپوڵی بۆ بردنەوەی نازناوەکە دواخست بە بردنەوەی پڕ گۆڵی 4-0 بەرامبەر ئیپسویچ تاون، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لیڤەرپوول بە ئەنجامی 1-0 لە لیستەرسیتی بردەوە و هیوای پاڵەوانبوونی گەڕاندەوە.
ڤێرجیل ڤان دایک، کاپتنی لیڤەرپوڵ ئاشکرایکرد، رەنگە یاریزانانی لیڤەرپوول ئەمڕۆ کۆببنەوە و بەیەکەوە هەمووان سەیری یارییەکەی ئارسیناڵ بەرامبەر کریستال پالاس بکەن. رێک چوار ساڵ لەمەوبەر و لە 25ی حوزەیرانی 2020، لیڤەرپوول بەبێ یاریکردن بووە پاڵەوان، چونکە مان سیتی نزیکترین رکابەری لە کاتێکدا حەفت هەفتە بۆ کۆتایی پرێمەرلیگ مابوو، بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە چێڵسی دۆڕا.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوێنێ ئارسینال کاتێک پرسیار لە میکێل ئارتێتا کرا کە ئایا رێگریکردن لە لیڤەرپوول لە بردنەوەی نازناوەکە پاڵنەرێکی زیاتر بە تیپەکەی دەدات، ئارتێتا لە وەڵامدا گوتی:
پاڵنەرەکەمان ئەوەیە کە یارییەکانمان ببەینەوە و باشترین ئاستمان پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە رەوتی ئێستامان؛ ئەوانی دیکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا نین.
ئارسینال لەم یارییەدا تاکە چارەی بردنەوەیە لە ئەگەری یەکسان بوون و دۆڕان ئەوا نازناوی 20ـی پرێمەرلیگ پێشکەشی ئارنێ سلۆت و خوێندکارەکانی دەکات و لە ئەگەری بردنەوەشیان رکابەرییەکە بەردەوام دەبێت.