
یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی عێراق بەیاننامەیەكی توند دەربارەی رووداوەكانی شەوی رابردووی یاریگای نەورۆز بڵاودەكاتەوە.
شەوی رابردوو نەورۆز لە یاریگای خۆیدا لە خولی ئەستێرەكانی عێراق میوانداری زاخۆی كرد و لە خولەکانی کۆتایی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ دروستبوو، بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاندەران بڕژێنە ناو یاریگا و بپەڕنەوە سەر لاکێشەی سەوز، ناوبژیوانی یارییەکە بە ناچاری فیکەی وەستانی یارییەکەی لێدا، کە هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
لە دوای یارییەكە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە رێگای هەژمارە فەرمییەكانیەوە بەیاننامەیەكی توندی دەربارەی رووداوەكەی یاریگای نەورۆزی بڵاوكردەوە، لە بەیاننانەكەدا هاتووە:
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە داخ و پەشیمانییەكی زۆرەوە سەیری رووداوەكانی یاریی نێوان نەورۆز و زاخۆی كرد، كە یارییەكە لە یارییگای نەورۆز لە گەڕی 29ی خولی ئەستێرەكانی عێراق روویدا.
هیوادار بووین كە ئەو جۆش و خرۆشەی یاریگاكانمان بەردەوام بێت، هەروەها ئەو قەرەباڵغیەی كە یاریگاكانیان رازاوەتر كردووە، بەتایبەت یاریگاكانی هەرێمی كوردستان لە وەرزی رابردوو ئەم وەرزرشدا، بەڵام ئەوەی لە یاریگای نەورۆز روویدا پێشێلكردنی راستەقینەی ئەو پەیامە بەرزانەیە كە ئێمە هەوڵدەدەین لە لاكێشەی سەوزدا كاریان پێ بكەین.
ئێمە پەشیمانی خۆمان بۆ ئەو رووداوانەی روویدا دەردەبڕین، دووپاتیدەكەینەوە كە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانەی لە یاریگاكاندا روودەدەن دەكەین، بەمەبەستی رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەو رووداوانەی روویاندا سەیری راپۆرتی سەرپەرشتیارانی یارییەكە دەكەین.
زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە كۆكردنەوەی 52 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم دێت و نەورۆزیش بە 35 خاڵ لە ریزبەندی سیازدە دێت.