
یاریگا –
یەکلایینەبوونەوەی چارەنووسی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە لیڤەرپوول، دەنگۆ و مشتومڕی زۆری زیادکردووە و رۆژانە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.
ڤیرجیڵ ڤان دایک، کاپتنی لیڤەرپوول کە هەفتەی پێشوو گرێبەستەکەی نوێکردەوە، بۆ یەکەمجارە قسە لەبارەی ئارنۆڵد و چارەنووسەکەی دەکات.
ترێنت گۆڵی بردنەوەی یاریی رابردووی لیڤەرپوولی بەرامبەر لێستەر سیتی کرد و هیواکانی بردنەوەی پرێمەرلیگ زۆر زیادکرد. ڤان دایک لەبارەی ترێنتەوە دەڵێت؛
بەردەوام ئارنۆڵد بە شتی باش لەیادمان دەمێنێتێتەوە، تەنانەت ئەگەر بڕیاری جێهێشتنی لیڤەرپوولیش بدات.
لە ماوەی رابردوودا، دەنگۆی زۆری پەیوەندیکردنی ئارنۆڵد بە ریال مەدرید بڵاوبووەتەوە، هەندێک لە میدیاکانی نزیک لە یانە ئیسپانییەکە، باس لە رێککەوتنی هەردوولا دەکەن.
لیڤەرپوول لە بەدەستهێنانی بیستەمین نازناوی پرێمەرلیگ نزیکە و ڤان دایک لەبارەی ئەمەوە روونیکردووەتەوە؛
لەوەتەی پەیوەندیم بەم یانەیەوە کردووە، ئەو یاریزانێکی ناوازە بووە و بەردەوام شتە باشەکانی لە یادمان دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر جێمان بهێڵێت.
لە داهاتوودا هەرچییەک رووبدات، ئەوا دەبێ ترێنت کێشەکە لەگەڵ خێزانەکەی چارەسەر بکات، بەڵام ئارنۆڵد یاریزانێکی گرنگی لیڤەرپوولە.
ئارنۆڵد نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ، جامی FA، دوو جامی کاراباو و مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ لیڤەرپوول بەدەستهێناوە.
هاندەرانی لیڤەرپوول، لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئاهەنگگێڕانەکەی ئارنۆڵد لەدوای گۆڵەکەی لێستەر سیتی دەکەن، ڤان دایک لەمبارەیەوە دەڵێت؛
تاوەکو ئێستا، هیچ کەسێکی نێو یانەی لیڤەرپوول، نازانێت چی لەگەڵ ئارنۆڵد روودەدات.
فشارێکی زۆری لەسەرە و هیچ بیانووێک نادۆزمەوە، تاوەکو سەرنجی زیاتری بخەمە سەر و فشاری لەسەر زیاد بکەم.
ئەگەر ئارسیناڵ سبەی چوارشەممە بە کریستال پاڵاس بدۆڕێت، لیڤەرپوول دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە، بەڵام لە ئەگەری یەکسانبوون یاخود بردنەوەی گەنەرز، ئەوا ئەگەر لیڤەرپوول یەکشەممە لە تۆتنهام بباتەوە، بێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی هیچ یانەیەک، دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ.