هەموو شتێک بزانە؛ راهێنەرێکی ناوخۆیی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق؟
رازی شنێشل وردەکارییەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
تاوەکو ئێستا مشتومڕی شوێنگرەوەی خێسوس کاساس بۆ پۆستی راهێنەری عێراق بەردەوامن و چەند راهێنەرێکی دیاریکراو بەربژێرن.
رازی شنێشل، راهێنەری یانەی کارەبا، یەکێکە لە بەربژێران، بەڵام هیچ گفتوگۆییەکی لەگەڵدا نەکراوە.
شنێشل لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباح روونیکردووەتەوە
تاوەکو ئێستا لەبارەی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق، قسەم لەگەڵ نەکراوە، بەدڵنیاییەوە وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە، جێی شانازییەکی گەورەیە و وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و پیرۆز سەیری دەکەم.
لە ئەگەری وەرگرتنی پۆستەکە، پلانێکی تۆکمە دادەنێم و رێگە نادەم کەس دەستوەردانی تێدا بکات.
لەبارەی سەردەمی کاساس و ئاستی هەڵبژاردەکە، شنێشل دەڵێت؛
قۆناخی کاساس لە سەرجەم لایەنەکانی هونەرییەوە ناسەقامگیر بوو. لێرە مەبەستم جۆر و ئاستی تاکەکەسی یاریزانان و توانای هونەرییانە. بۆیە لە یارییەکانی بەرامبەر کوێت و فەڵەستین، ئەنجامەکە زۆر بەڕوونی دیاربوو.
ئەفسانەی تۆپی پێی عێراقی پێی وایە، بۆ ئەم قۆناخە، دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی ناوخۆیی باشترین بژاردەیە.
لەم ساتەدا، راهێنەری ناوخۆیی گونجاوترین بژاردەیە، چونکە کاتێکی زۆر کەم لەبەردەستدایە، بەڵام لە داهاتوودا، هەڵبژاردەی عێراق پێویستی بە راهێنەرێکی ئاست بەرز، خاوەن ئەزموون و شارەزاییە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، نابێ هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان بکەن.
شنێشل یەکێکە لە ناوە دیارەکانی مێژووی تۆپی پێی عێراق، بەر لەوەی ببێتە راهێنەری یانەی کارەبا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بوو.
پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی قوە جەوییە، زەوڕا، تەڵەبە، یانەی قەتەڕ، شوڕتە، نەفتی ناوەڕاست و هەڵبژاردەی عێراق بە کاتی کردووە.
شنێشل لە ماوەی 11 ساڵدا (1988-1999) 80 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق کردووە و خاوەنی شەش گۆڵی نێودەوڵەتییە.