رۆژنامەی ئاس دەیان بەڵگە لە دژی بارسێلۆنا دەهێنێتەوە؛ ریال مەدرید یەکەمە
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رۆژنامەی ئاس بێت، ستەمێکی 'زۆر' لە ریال مەدرید کراوە

یاریگا –
پەنابردن بۆ سیستمی ڤار خەریکە ژمارەیەکی پێوانەیی لە یارییەکانی لالیگا تۆمار دەکات.
رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا، بەدواداچوونی بۆ بەکارهێنانی سیستمی ڤار کردووە، ئەمەش دوای زیادبوونی ناڕەزایی چەند یانەیەک لە چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستمەکە.
ریال مەدرید رەخنەی توند لە ناوبژیوانان و سیستمەکە دەگرێت و پێی وایە لە ‘جیهانی سێیەم’ کاری پێدەکرێت و ڤیاڕیاڵیش دەڵێت؛ شایەنی رێزین، ڤار بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان دروستکراوە”.
لە یارییەکانی گەڕی 31ی لالیگادا، بەکارهێنانی سیستمی ڤار، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و 13 جار بەکارهێندرا. ریکۆردی رابردوو تەنیا حەفت جار بوو.
هێشتا 61 یاریی بۆ کۆتایی وەرز ماوە، تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا 162 جار ڤار بەکارهێندراوە، ئەمەش بەڕێژەی بەکارهێنانی 1.96 بۆ هەر یارییەک. بەراورد بە وەرزی رابردوو، بەکارهێنانی ڤار زۆر زیاد دەبێت، چونکە لە وەرزی رابردوودا تەنیا 154 جار ڤار بەکارهێندرا و خەریکە ریکۆردی وەرزی 2022-23 دەشکێنێت، کە ئەوکات 179 جار بەکارهێندرابوو.
وەرزەکان | بەکارهێنانی ڤار | رێژە |
---|---|---|
2018-19 | 121 | 3,14 |
2019-20 | 156 | 2,43 |
2020-21 | 156 | 2,43 |
2021-22 | 143 | 2,65 |
2022-23 | 179 | 2,12 |
2023-24 | 154 | 2,46 |
2024-25 | 162 | 1,96 |
هۆکارەکان
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، رەخنەیەکی زۆر لە دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا دەگیرێت، چونکە مێدینا کانتالێخۆ، سەرۆکی دەستەکە، بەردەوام بەرگری لە سیستمی ڤار دەکات و سەرباری ئەمەش دەڵێت؛ نابێ ڤار زۆر لە یارییەکاندا بەکاربهێندرێت.
کانتالێخۆ پێی وایە، نابێ ڤار لە هەموو مشتومڕێکی سەر حاڵەتێکی گوماناوی بۆ هەژمارکردنی لێدانی سزا بەکاربهێندرێت، پێشتر رایگەیاندووە
پێویستە سیستمی ڤار وەکو تۆڕێکی پارێزبەندی بێت، تاوەکو لە دژی هەڵەی روون بەکاربهێندرێت.
رۆژنامە ‘دۆستەکەی’ ریال مەدرید پێی وایە، سەرەڕای قسەکانی کانتالێخۆ، کەچی شانۆگەرییەکانی بەردەوامن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس بێت، دەستەی ناوبژیوانان دەزانن بەراورد بە وەرزی رابردوو، ناوبژیوانان هەڵەی زیاتر دەکەن، بۆیە رێژەی بەکارهێنانی سیستمی ڤار زیادبووە، کەچی بە ئاشکرا دان بەم قسانە نانێن.
بەکارهێنانی سیستمی نیمچە خۆکارانەی ئۆفساید، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی بەکارهێنانی سیستمی ڤار. پێشتر چەندین حاڵەت هەبووە، ڤار نەیتوانیوە ئۆفسایدبوونی بسەلمێنێت، بەڵام ئێستا شتەکان زۆر روونترن.
لەم وەرزەدا ناوبژیوانان بە یارمەتی سیستمی نیمچە خۆکارانەی ئۆفساید، 36 گۆڵییان بە بیانووی ئۆفساید رەتکردووەتەوە، کەچی بە درێژایی وەرزی رابردوو، تەنیا 22 گۆڵ رەتکرابوونەوە.
ژمارەکان
ریال مەدرید بەردەوام گلەیی لە سیستمی ڤار هەیە، نەک تەنیا بەهۆی یارییەکانی خۆیەوە، بەڵکو بەهۆی یارییەکانی بارسێلۆناشەوە.
هەردوو یانە رکابەری لەسەر نازناوی لالیگا دەکەن و رۆژنامەکە چەندین داتای کۆکردووەتەوە و تیایدا بارسێلۆنا بە سوود وەرگرتن لە سیستمی ڤار تۆمەتبار دەکەن.
13 جار ڤار لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بڕیاریداوە و تەنیا ئاتلێتیک بیلباو ئەم ژمارەیەی تۆمارکردووە، کەچی لە بەرامبەردا ڤار تەنیا شەش جار لە دژی بارسێلۆنا بڕیاریداوە.
بەگوێرەی داتاکانی رۆژنامەکە بێت، ڤار شەش جار لە بەرژەوەندی ریال مەدرید بڕیاریداوە و 15 جار لە دژی ریال مەدرید بووە. لەگەڵ دێپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، ڤار زۆرترین بڕیاری لە دژی مەدرید داوە. ئەگەر زمانەکە بۆ بەدەستهێنانی خاڵ بگۆڕین، ریال مەدرید بەبێ ڤار حەوت خاڵی دیکەی بەدەستدەهێنا، کەچی بارسێلۆنا پێنج خاڵ کەمتری لە ئێستا دەبوو.
یانە | VAR لە بەرژەوەندی | VAR لە دژ |
---|---|---|
بارسێلۆنا | 13 | 6 |
ریال مەدرید | 6 | 15 |
