
یاریگا –
نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ئاشتکردنەوەی هاندەرانیان بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەیان لە سلێمانی رووبەرووی یەکتر دەبنەوە.
لە گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دووشەممە ( 22ـی نیسانی 2025 ) کاتژمێر 7:30ـی شەو نەورۆز میوانداری زاخۆ دەکات، ئەنجامی هەر دوو یانە لە یارییەکانی ئەم دواییە جێگای نیگەرانی هاندەرەکانیانە، نەورۆز لە دوو یاریی رابردوودا یەکسان بووە و زاخۆش لە دوو یاریی رابردوویدا شکستی هێناوە.
بۆ یارییەکەش نەورۆز لە توانای مەڕوان حوسێنی گۆڵکاری تیپەکەی بێبەش دەبێت بەهۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی، هەریەک لە راستگۆ فەریق و باکۆ عومەر و حوسێن عەباسی گۆڵپارێزیش بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
لویس گۆستاڤۆی هێرشبەری بەرازیلی زاخۆ پەیوەندی بە مەشقەکان کردۆتەوە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر نەفتی میسان بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات. ئەمجەد عەتوانی ناوەراستکاری زاخۆش بە هۆی پێکانەوە بەرێژەیەکی زۆر بەشداری ناکات، زاخۆ بۆ ئەم یارییه توانای ئیچیتا دیپۆتی نەیجیری بۆ دەگەڕێتەوە کە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی کەربەلا نەیتوانی لە یاریی نەفتی میسان بەشداربێت.
لە مێژوودا نەورۆز و زاخۆ حەفت یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، سوور پۆشەکانی سلێمانی لە سێ یارییدا براوە بوونە و کوڕانی خابووریش سێ سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و لە یارییەکیش یەکسان بوونە، نەورۆز حەفت گۆڵی کردووە و زاخۆش شەش گۆڵی تۆمار کردووە.
نەورۆز 35 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 13ـەم دێت، زاخۆش بە 52 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، بریاریشە لە 14ـەی مانگی داهاتوو لە قۆناخی هەشتی جامی عێراق لە یاریگای زاخۆ جارێکی دیکە رووبەرووی یەکتر ببنەوە.