بارسێلۆنا یان ریال مەدرید؛ کامیان دەبێتە پاڵەوانی لالیگا؟
یاریی کلاسیکۆ یەکلاکەرەوە دەبێت

یاریگا –
بارسێلۆنا و ریال مەدرید کێبڕکێ لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا دەکەن، بلاوگرانا تەنیا 4 خاڵ لەپێشەوەی ریال مەدرید دێت و 10 خاڵیش لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی سێیەمەوە دوورە، لەکاتێکدا تەنیا 6 گەڕ ماوە ئەم وەرزە کۆتایی بێت.
لە دوایین 10 وەرزی لالیگا ریال مەدرید و بارسێلۆنا نۆ جار بوونەتە پاڵەوانی لالیگا و ئەم وەرزەش ئەو دوو جەمسەرەی لالیگا نزیکن نازناوەکە لە نێوان خۆیان یەکلا بکەنەوە.
کامیان رێگاکەی قورسترە؟
بارسێلۆنا کە بە کۆکردنەوەی 73 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، لەو شەش یارییەی ماویەتی رووبەڕووی ریال مایۆرکا، ریال ڤایادۆلید، ریال مەدرید، ئیسپانیۆل، ڤیاڕیال و ئاتلێتیک بلباو دەبێتەوە، کە بارسا لە یاریگای خۆی بەرامبەر ریال مەدرید و ڤیاڕیال و ریال مایۆرکا یاریی دەکات.
ریال مەدرید کە بە کۆکردنەوەی 69 خاڵ لە پلەی دووەمی خولەکە دێت، لەو شەش یارییەی ماویەتی بەرامبەر خیتافی، سێلتاڤیگۆ، بارسێلۆنا، ریال مایۆرکا، سێڤییا و ریال سۆسیداد یاریی دەکات، کە سێ یاریی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ و ریال مایۆرکا و ریال سۆسیداد لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبن.
یاریی کلاسیکۆ نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا یەکلا دەکاتەوە
رۆژی 11ـی مایۆ/ئایار کاتژمێر 17:15 بارسێلۆنا لە گەڕی سی و پێنجەمی لالیگا میوانداریی ریال مەدرید دەکات، ئەو یارییە بە رێژەیەکی زۆر ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە یەکلا دەکاتەوە.
لە قۆناخی یەکەم بارسێلۆنا لە مەدرید 4-0 لە ریال مەدریدی بردووەتەوە، لە یاریگای لویس کۆمپانیس لەوانەیە بە بردنەوە و یەکسانبوونی بارسا، پاڵەوانبوونی کەتەلۆنییەکان لەم وەرزەی لالیگا مسۆگەر بێت، لەکاتێکدا ریال مەدرید نازنانوی ئەم وەرزەی خولەکەی بەدەستهێناوە.
جگە لە لالیگا، ریال مەدرید و بارسێلۆنا ململانێ لەسەر جامی شای ئیسپانیاش دەکەن، رۆژی شەممە کاتژمێر 11:00 لە یاریگای لاکارتۆخا لە سێڤییا لە یاریی کۆتایی بەیەک دەگەن، براوەی یارییەکە دەبێتە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا.