لە دوو یارییە چارەنووسسازەکەی پاڵاوتنەکانی مۆندیال کێ دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق؟

یاریگا –
ئەگەر یانەی جەزیرەی ئیماراتی دەستبەرداری حوسێن عەمووتە نەبێت، یارۆسلاڤ شیلهاڤی راهێنەری چیکی بەربژێرە لە دوو یارییە چارەنووسسازەکەی پاڵاوتنەکانی مۆندیال ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق.
میدیاکانی عێراق ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ یانەی جەیرەی ئیماراتی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ئەو یانەیە رازی بکات، بە خواستن یان بە هەمیشەیی دەستبەرداریی حوسێن عەمووتە راهێنەری مەغریبی یانەکەی بێت، بۆ ئەوەی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داوای لە یانە ئیماراتییەکە کردووە، ئەگەر بەیەکجاریش نەبێت، بۆ ماوەی 45 رۆژ رێگا بە حوسێن عەمووتە بدات راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکات، بەڵام هێشتا یانەی جەزیرە خۆی یەکلانەکردووەتەوە.
دوای ئەوەی کەناڵی دوبەی سپۆرتی ئیماراتی بڵاویکردبووەوە حوسێن عەمووتە دەبێتە راهێنەری عێراق، یانەی جەزیرەی ئیماراتی لە بەیاننامەیەکدا، وەڵامی دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی حوسێن عەمووتە، راهێنەری یانەکە بە هەڵبژاردەی عێراق دایەوە. بۆیە ئەگەر یانە ئیماراتییەکە دەستبەرداری عەمووتە نەبێت، راهێنەرێکی چیکی بەربژێرە ببێتە راهێنەری شێرەکانی رافیدەین.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی عێراقی، یارۆسلاڤ شیلهاڤی راهێنەری چیکی دووەم بژاردەیە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری عێراق، کە پێشتر ئەو راهێنەرە 63 ساڵانە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکانی عومان و چیک و یانەی سلاڤیا پراگی چیکی کردووە و ئێستا بێ یانە و هەڵبژاردەیە.
پێشتر عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندبوو، تاوەکو رۆژی هەینی (25ـی ئەپرێل/نیسانی 2025) ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرا دەکەن.
عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟
مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر کیشوەری ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.
لە سێ کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو دوو پلەیەشی لە کۆمەڵەکەی بەدەست نەهێنا، هێشتا هیوابڕاو نابێت و دوو چانسی دیکەی دەمێنێت.
لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لەدواوەی ئوردنی دووەم (13 خاڵ) دێت، کۆریای باشووریش بە 16 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، عێراق لە کۆمەڵەکەی دوو یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن ماوە، هەردوو یارییەکەی بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.
عێراق سەرەتای مانگی حوزەیران/یونیۆ واتە دوای دوو مانگی دیکە هەردوو یارییەکەی دەکات، رۆژی 5ـی یۆنیۆ لە بەسرە میواندارییەتی کۆریای باشوور دەکات، دواتر رۆژی 10ـی هەمان مانگ دەبێتە میوانی ئوردن.