لیڤەرپوول بڕیاری کۆتایی لەسەر مانەوەی سێ یاریزان دەدات
چیدیکە کات بە فیڕۆ نادات

یاریگا –
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی محەمەد سەڵاح و ڤیرجیڵ ڤان دایک، ئێستا لیڤەرپوول هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی چەند یاریزانێکی دیکەی دەکات.
پێگەی فووتبۆڵ ئینسایدەر ئاشکرایدەکات، لیڤەرپوول هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گرێبەستی هەریەکە لە یاریزانان ئیبراهیما کۆناتێ، لویس دیاز و دیۆگۆ جۆتا دەکات.
ناوی هەرسێ یاریزانەکە لە نێو میدیاکان زۆر باس دەکرێت و تەنانەت، ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان گرنگی خۆیان بە کۆناتێ پیشانداوە.
لەلایەکی دیکەوە، دیاز و جۆتا لەلایەن یانەکانی سعوودیە داواکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا دوابڕیار لەسەر داهاتوویان نەدراوە.
لە هاوینی رابردوودا، لیڤەرپوول گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستی لەگەڵ دیاز و جۆتا دەستپێکردبوو، بەڵام لە قۆناخێکدا وەستێندران، تاوەکو لە کۆتایی ئەم وەرزە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی گشتییان بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگە بەریتانییەکە بێت، لیڤەرپوول لە ترسی گرنگیپێدانی بارسێلۆنا بە تواناکانی دیاز، دەیەوێت زووتر گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
هەرچەندە گفتوگۆی سەرەتایی نێوان ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە و رێدز شکستیهێنا، چونکە سەرنجی تەواوی لیڤەرپوول لەسەر مانەوەی سەڵاح و ڤان دایک بوو.
دۆخی جۆتا هاوشێوەی دیازە، بەڵام ئاماژەکان زیاتر بەرەو چوونە دەرەوەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەن لە ئانفیڵد، ئەمەش بەهۆی زۆری ژمارەی پێکانی یاریزانەکە.
لیڤەرپوول هەوڵی مانەوەی کۆناتێ دەدات، بەڵام لە ئەگەری رێکنەکەوتنی هەردوولا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر لە هاوینی داهاتوودا، ماڵئاوایی لە سوورپۆشەکان دەکات.
هەریەکە لە مارک گێی، بەرگریکاری کریستال پاڵاس و دین هیوسن، بەرگریکاری بۆرنمس لە لیستی گواستنەوەکانی لیڤەرپوولدان.