دێ برۆین بۆیەکەمجار هۆکاری رۆیشتنی لە مان سیتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت ‘شۆکیان کردم’

یاریگا –
دێ برۆین بۆیەکەمجار هۆکاری رۆیشتنی لە مانچێستەر سیتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت ‘بە بڕیارەکەیان شۆکیان کردم، پێم گوتن دەمەوێت بەردەوام بم، بەڵام رازی نەبوون’.
کێڤن دێ برۆین ناوەڕاستکاری بەلجیکی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بۆیەکەمجار لەبارەی رۆیشتنی لە یانەکەی قسەی دڵی کردووە و دەڵێت :’بەدرێژایی ئەمساڵ چاوەڕێ بووم، هیچ ئۆفەرێکیان پێشکەش نەکردم بۆ ئەوەی گرێبەستەکەم نوێبکەمەوە، کاتێکیش گرێبەستەکەم تەواو بوو لە کۆبوونەوەیەک پێیان گوتم گرێبەستەکەم نوێ ناکەنەوە، بەم بڕیارەیان شۆکیان کردم، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد’.
هەروەها دەشڵێت :’پێم گوتن من هێشتا دەتوانم خزمەتی یانەکە بکەم و هێشتا زۆرم پێ ماوە بۆ ئەوەی پێشکەشی یانەکەی بکەم، گوتم راستە تەمەنم 25 ساڵ نییە، بەڵام هێشتا دەتوانم جیاوازی دروست بکەم، پێم گوتن دەمەوێت لە یانەکە بەردەوام بم، بەڵام ئەوان رەتیان کردەوە’.
دێ برۆین دەشڵێت :’نازانم ئەگەر ئەم وەرزە ئەنجام و دۆخی یانەکەمان باشتر بووایە یانەکە هەمان بڕیاری دەدا یان نا، بەڵام من هەست دەکەم ئەم وەرزە بەراورد بە وەرزی رابردوو زۆر زیاتر یاریم کردووە، باوەڕ ناکەم هیچ کێشەکم هەبوو بێت و تەواو ئامادەم بۆ یاریکردن، ناشزانم ئەم هاوینە بەشداریی مۆندیالی یانەکان دەکەم یاخود نا’.
ناوەڕاستکارە 33 ساڵانەکە لە سەرەتای ئەم مانگە رۆیشتنی لە ریزەکانی مان سیتی راگەیاند، کە ئەو یاریزانە بەلجیکییە لەگەڵ مان سیتی لە 416 یاری 107 گۆڵ و 177 ئەسیستی کردووە و 18 نازناوی لەگەڵ شینپۆشەکان بەدەستهێناوە.
دێ برۆین کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای 27 ملیۆن یۆرۆیە، هاوینی 2015 بەرامبەر 76 ملیۆن یۆرۆ لە ڤۆلفسبۆرگی ئەڵمانییەوە روویکردە ریزەکانی مان سیتی و ئەم هاوینە دوای 10 ساڵ ماڵئاوایی لە یانە ئینگلیزییەکە دەکات.