یانەیەکی گەورە گواستنەوەی ئارنۆڵد بۆ مەدرید پەکدەخات
هەموو شتێک لە کەیسی ئارنۆڵد ئەگەری روودانی هەیە

یاریگا –
تاوەکو ئێستا چارەنووسی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول یەکلایی نەبووەتەوە و ریال مەدرید و یانەیەکی دیکە بە تەواوی خۆیان بۆ گواستنەوەی ئامادەکردووە.
پێگەی فیچاخێسی ئیسپانی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان بڵاویکردووەتەوە، پاریس سانجێرمان بە توندی هاتووەتە سەرهێڵ و دەیەوێت رکابەری ریال مەدرید بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەکە بێت، هاتنە سەرهێڵی پاریس سانجێرمان، هاوکێشەی گواستنەوەی ترێنتی بۆ ریال مەدرید ئاڵۆزکردووە.
تاوەکو ئێستا ڤیرجیڵ ڤان دایک و محەمەد سەڵاح گرێبەستەکانیان لەگەڵ لیڤەرپوول بۆ دوو ساڵی دیکە نوێکردەوە و تەنیا ئارنۆڵد لە لیستەکەدا ماوە کە لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی بەسەربچێت.
میدیاکانی نزیک لە ریال مەدرید، گواستنەوەی ئارنۆڵد بۆ بێرنابیۆ بە یەکلاییبووەوە لە قەڵەم دەدەن، هەرچەندە نە یاریزانەکە و نە لیڤەرپوول بە فەرمی هیچ قسەیەکیان لەسەر بابەتەکە نەکردووە.
ریال مەدرید ئۆفەرێکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ پێشکەشی ئارنۆڵد کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا بێت، بەرگریکارە ئینگلیزییەکە بە ئۆفەرەکە دڵخۆشە.