عەمووتە دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق؟
یانەی جەزیرە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردووەتەوە

یاریگا –
یانەی جەزیرەی ئیماراتی لە بەیاننامەیەکدا، وەڵامی دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی حوسێن عەمووتە، راهێنەری یانەکە بە هەڵبژاردەی عێراق دایەوە.
دوای دوورخستنەوەی خێسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق، ناوی عەمووتە وەکو یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی کاساس بڵاوببووەوە.
لە بەیاننامەکەی یانە ئیماڕاتییەکەدا هاتووە
هەموو راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی کە لە دوای تەواوبوونی یاریی کۆتایی جامی ئیمارات رەتدەکەنەینەوە، راپۆرتەکان باسیان لە وەرگرتنی پۆستی هەڵبژاردەی عێراق لەلایەن حوسێن عەمووتە لە دووشەممەی داهاتوو دەکرا، بەڵام هەمووی رەتدەکەینەوە.
ئەم راپۆرتانە دوورن لە راستییەوە و راهێنەرەکە بە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پەیوەستە.
بيان رسمي من #نادي_الجزيرة 📋 pic.twitter.com/57EqlqmmT9
— نادي الجزيرة (@aljazirafc) April 19, 2025
چەندین میدیای ئیماڕاتی باسیان لە نزیکبوونەوەی عەمووتەی 55 ساڵان لە هەڵبژاردەی عێراق کرد، بەڵام عەمووتە پابەندبوونی خۆی بە یانەکەی ئەبوزەبی دووپاتکردەوە.
عەمووتەی مەغریبی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی دوبەی وەرزشی لە دوای بردنەوەی نازناوی جامی ئیمارات، نیازی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکە دەربڕی، بەڵام رۆژنامەنووسی کەناڵەکە دووپاتیکردەوە، عەمووتە زۆر نزیکە لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق و دووشەممە، بە فەرمی هەموو شتێک رادەگەیێندرێت.
رۆژنامەی خەلیج ئاشکرایکردووە، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی داوای واژۆکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ عەمووتە کردووە، تاوەکو بۆ دوا دوو یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئوردن و کۆریای باشوور سەرکردایەتی شێرەکانی رافیدەین بکات.
عەمووتە پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەیە، پێشتر دەرجال راهێنەری عەمووتە بووە.