
یاریگا –
یاریزانێکی دهۆک دەڵێت :’بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، بەڵێنی پێدانی ئۆتۆمبێڵ و زەویمان پێدراوە’.
پیتەر گورگیس یاریزانی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی Fotbollskanalenـی سویدی دەڵێت :’بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بەڵێنی پێدانی ئۆتۆمبێڵ و زەوی و پارەمان پێدراوە، کاتژمێرێکی پاتیک فیلیپیان بەدیاریی بە مەسعود میرال بەخشی، خەڵات و پاداشتە دارییەکان لێرە بەراورد بە سوید باشترن’.
گورگیس لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی دهۆک دەشڵێت :’تاوەکو ساڵی داهاتوو گرێبەستم لەگەڵ یانەی دهۆک هەیە، بەڵام بەگوێرەی چەند بەندێکی گرێبەستەکەم هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم بڕۆم، بەڵام من لێرە دڵخۆشم، با بزانین هاوینی داهاتوو چی روودەدات، بێگومان هەندێک یانە ئۆفەریان پێشکەش کردووم’.
یاریزانەکەی دهۆک دەشڵێت :’کاتێک بۆیەکەمجار هاتمە دهۆک، ژێرخانی وەرزشی لێرە زۆر باش نەبوو، تیپەکەمان لە رووی تەکتیکییەوە باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ مەسعود میرال کاری زۆرمان کرد، توانیمان بگەینە ئەو ئاستەی ئێستا’.