
یاریگا –
بارسێلۆنا لە دۆسیەی ناوبژیوان نێگریرادا گورزێکی نوێ رووبهرووی دەبێتەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری یانە کاتالۆنییەکە دروست دەکات.
دۆسیەی نێگریرا لە شوباتی 2023 سەریهەڵدا، تیایدا بارسێلۆنا بە گەندەڵی تۆمەتبار کرا بە پێدانی بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ بە ناوبژیوانی پێشوو خۆسێ نێگریرا لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018، لە ماوەی کارکردنی وەک جێگری لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان.
بارسێلۆنا لهوبارهیهوه رایگهیاندووه کە نێگریرای وەک راوێژکاری دەرەکی له یانهكه دامەزراندووە بۆ ئەوەی راپۆرتی پەیوەندیدار بە ناوبژیوانی بۆ یانەکە پێشكهش بكات، لەکاتێکدا ناوبژیوانهكه رەتیدەکاتەوە هیچ بەرتیلێک و پارهیهكی وەرگرتبێت بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوانی لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بهركاربهێنێت.
La jueza del ‘caso Negreira’ cita a declarar como investigados a Javier Enríquez, Rosell y Bartomeuhttps://t.co/0TkTct3Noo
— MARCA (@marca) April 18, 2025
مانگی ئایاری رابردوو دادگای بارسێلۆنا دەستەی بەڕێوەبەری یانەکەی بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای یانەکەی لە ساڵی 2003 تا 2010 لە تۆمەتی پێدانی بەرتیل بە نێگریرا بێتاوان دەرکرد.
بەڵام پێناچێت ئهو دۆسیهییه وا بهئاسانی كۆتایی بێت و بهرۆكی بارسێلۆنا بهربدات، دواجار لێکۆڵینەوەکە درێژکرایەوە و مانگی ئەیلول وەک دوا وادە بۆ كۆتایی هێنانن بهم دۆسیهیه دیاریکرا.
ئهمهش بههۆی ئهوهی بهڵگهی زیاتر خراوهته بهردهستی دادوهر و دادگاش پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و گرتنەبەری رێکاری پێویست.
Time to refocus on La Liga! 💪 #BarçaCelta pic.twitter.com/j1OIPaj6B8
— FC Barcelona (@FCBarcelona) April 19, 2025
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکا، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی نێگریرا، ئەلیخاندرا گیل، بانگهێشتی خافێر ئێنریکێز، ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی بارسێلۆنا لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2014، ئۆسکار گراو، جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەکە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020 و ئانا پاولا، هاوسەری جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی تەکنیکی کردووە، بۆ ئەوەی وەک تۆمەتبار لە دۆسیەکەدا ئیفادە بدەن، دهبێت له 18ـی ئەیلول له دادگا ئامادهبن.
لە راپۆرتەکە جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەموو ئەوانەی بانگهێشتکراون تۆمەتبارن بە تاوانی پەیوەست بە گەندەڵی وەرزشی، هەروەها رەنگە رووبەڕووی تۆمهتی دیكهش ببنهوه کە پەیوەندییان بە ساختەکردنی بەڵگەنامە و خراپ بەڕێوەبردنەوە هەیە.
ئهمه له كاتێكدایه پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بارسێلۆنا لە گەڕی 32ی خولی ئیسپانی لە یاریگای مۆنتخویک میوانداری سێلتاڤیگۆ دەکات.
بارسێلۆنا بە 70 خاڵ لە پێشەنگی لالیگادایە، سێلتاڤیگۆش بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ لە پلەی حەوتەمدایە.
بارسێلۆنا دوای ئەوەی سەرکەوت بۆ قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، له 26ـی ئهم مانگه له یاریی كۆتایی جای شای ئیسپانیا بهرامبهر ریال مهدرید یاریی دهكات و له 30ـی مانگیش له یاریی چوونی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ له یارییەکی ئاگرین بەرامبەر ئینتەرمیلان یاریی دهكات.