
یاریگا –
دوای 15 رۆژ دابڕان لە یارییەکانی، دهۆک جارێکی تر دەگەڕێتەوە یارییکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و میوانداری حدود دەکات.
دهۆک لە دوای بەدەست هێنانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو جارێکی تر دەگەڕێتەوە یارییکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاتژمێر 6ـی ئێوارە لە یاریگای خۆی و لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، شەممە ( 19ـی نیسانی 2025 ) دهۆک میوانداری حدود دەکات.
بۆ ئەم یارییە هەڵۆکانی چیا بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر زەوڕا لە توانای لۆکاس تۆرسی بەرگریکاری بەرازیلی بێبەش دەبێت، محەمەد سەعیدی بەرگریکار و روڵفەقار یونسیش بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن، مارتین ئەسیس دەستی بە مەشقە کۆمەڵەکان کردۆتەوە بەڵام ئەستەمە بۆ ئەم یارییە ئامادە بێت.
لە مێژوودا دهۆک و حدود 13 یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، دهۆک حەفت یارییان بردۆتەو و حدود لە سێ یارییدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و لە چوار یارییشدا یەکسان بوونە، دهۆک 21 گۆڵی تۆمار کردوو و حدودیش 12 گۆڵی کردووە.
پێش دەسپێکی ئەم یارییەش بە بۆنەی پاڵەوان بوونیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دهۆک لە نێو یاریگای خۆی ئاهەنگ دەگێڕێت، دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق شەش یاریی دواخراوی هەیە کە بە هۆی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوەوە نەکراوە، لە 21 یاریی 40 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەم دێت، گەڕی داهاتووش لە بەغدا رووبەرووی کارەبا دەبێتەوە.