چۆن بوکایۆ ساکا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ چیرۆکی تێری هێنری دووبارە کردەوە؟

یاریگا –
بوکایۆ ساکا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەمان چیرۆکی 19 ساڵ لەمەوبەری تێری هێنری دووبارە کردەوە، جارێکی دیکە گەنەرز لەناو مەدرید لە ریال مەدریدی بردەوە و سەرکەوتنەکەی یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی دووبارە کردەوە.
ساکا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە 7 یاری بەشداریی 7 گۆڵی کردووە، 5 گۆڵ و 2 ئەسیستی بۆ گەنەرز کردووە، کە زیاتر لە 50 کیلۆمەتر رایکردووە و 18 هەوڵیشی بۆ گۆڵکردن داوە،
ساڵی 2006 ئارسیناڵ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ 1-0 لە ریال مەدریدی بردەوە، تێری هێنری تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد، دوای 19 ساڵ ئارسیناڵ لە هەمان یاریگا 2-1 بردیەوە و بوکایۆ ساکا گۆڵێکی کرد، یاریزانە لاوەکەی گەنەرز بە هەمان شێوەی هێنری ئاهەنگی گێڕا.
دوای یارییەکە تێری هێنری کە شرۆڤەکاری کەناڵی CBS SPORTـی ئەمریکییە، بە ساکای گوت :’لێدانە سزایەکە فەوتێنراوەکەت لەبیر بکە، گۆڵەکەشت لەبیر بکە لەکاتێکدا دەزانم هەستی گۆڵکردن لەوێ چۆنە، بەڵام ئەوەی بەبێ تۆپ دەیکەی زۆر بێ وێنەیە، راکردنی تۆ و مارتینێلی بەبێ تۆپ سەرنجی منیان راکێشاوە’.
هێنری گوتیشی :’دەستخۆشیت لێدەکەم بۆ بەرگریکردنەکەت، گەرچی لە باڵەکان یاریی دەکەی، بەڵام بەردەوام دەگەڕێیەوە دواوە و بەرگری دەکەی، من شانازیت پێوە دەکەم’.
ساکا لەبارەی لاسایی کردنەوەی هێنری لەکاتی ئاهەنگگێڕانەکەی گوتی :’من نەمدەویست لاسایی ئاهەنگگێڕانەکەی هێنری بکەمەوە، بەڵام دڵخۆشم بەوەی هەردوو وێنەکەمان وەکو یەکە’.
هێنری لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام، وێنەکانی ساکا و مارتینێلی بە دێژاڤۆ وەسف کردووە، کە ساکا و مارتینێلی هاوشێوەی 19 ساڵ لەمەوبەری هێنری لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئاهەنگیان گێڕا.
Just 60 seconds of Thierry Henry giving Bukayo Saka his flowers 💐🥰 pic.twitter.com/0TW3ad0WND
— CBS Sports Golazo ⚽️ (@CBSSportsGolazo) April 16, 2025