
یاریگا –
یارییەکانی کلاسیکۆ چارەنووسی ئەنچیلۆتی یەکلا دەکەنەوە و لەوانەیە بۆ مۆندیالی یانەکان راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە ریال مەدرید نەمێنێت.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی زیاتر لە نەمانی لە ریال مەدرید نزیکترە، نەوەک لە مانەوەی لە یانە مەدریدییەکە، دوای کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگ تەنیا یاریی کلاسیکۆ ماوە ببێتە فریادڕەسی راهێنەرە ئیتاڵییەکە.
Ancelotti ya sabe que está más fuera que dentro… con la duda del Mundial de Clubes https://t.co/VgLSeKrmW8
— Relevo (@relevo) April 17, 2025
ریلیڤۆ راشیگەیاندووە، ئەگەر ئەنچیلۆتی لە هەردوو یاریی کلاسیکۆی خول و جام بدۆرێت، ئەوا یەکسەر لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دوور دەخرێتەوە و بۆ مۆندیالی یانەکان کە هاوینی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، راهێنەرێکی دیکە لەسەر کورسی یەدەکی یانە مەدریدییەکە دادەنیشێت.
ئەنچیلۆتی دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئارسیناڵ کە لە یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ 5-1 دۆڕان، گوتی :’ئەمە دوایین یارییم بوو لە چامپیۆنزلیگ؟ بەڵێ ئەم وەرزە دوایین یارییم بوو، بەڵام نازانم ساڵی داهاتوو چی روودەدات، نازانم و ناشمەوێت بیزانم’.
رۆدرا رۆژنامەنووسی ئیسپانی کە راپۆرتەکەی ئامادە کردووە، رایگەیاندووە بەرپرسانی ریال مەدرید نایانەوێت ئەنچیلۆتی پێش مۆندیالی یانەکان دووربخەنەوە، ئەگەر نازناوی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا بباتەوە، لەوانەیە بۆ مۆندیالی یانەکان بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دوو نازناوەش لەدەست بدات، ئەستەمە لەگەڵ یانە مەدریدییەکە بۆ مۆندیالی یانەکان گەشتی ئەمریکا بکات.
ریال مەدرید دەیەوێت جامی جیهانیی یانەکان بەدەست بهێنێت کە خەڵاتی پاڵەوانی ئەو پاڵەوانێتییە 180 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئەگەر ئەنچیلۆتی هەردوو کلاسیکۆی خول و جام لەدەست بدات، مەدریدییەکان بۆ مۆندیالی یانەکان گرەو لەسەر راهێنەرە ئیتاڵییەکە ناکەن و دووری ناخەنەوە.
رۆژی 26ـی ئەم مانگە، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەیەک دەگەن، دواتر رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو لە لالیگا بەیەک دەگەن کە بارسا بە کۆکردنەوەی 70 خاڵ بە جیاوازیی چوار خاڵ لەپێشەوەی ریال مەدریدی دووەم دێت.