
یاریگا –
ئوسامە رەشید ناوەراستکاری هەولێر هۆکاری شکستەکەیان بەرامبەر نەفت باس دەکات و هەڵەی تاکە کەسی بەهۆکاری سەرەکی دادەنێت.
هەولێر لە یاریگای خۆی بەرامبەر نەفت 3 _ 2 تووشی شکست هات و جارێکی دیکە هاندەرانی بێ هیوا کردەوە، دوای شکستەکەیان لە یاریی بەرامبەر نەفت لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئوسامە رەشید ئەستێرە و ناوەراستکاری هەولێر هۆکاری شکستەکە باس دەکات و دەڵێت:
یارییەکی زۆرباشمان کرد بەڵام باجی هەڵەی تاکە کەسیماندا و گۆڵمان لێدەکرا، ئەمەش بەرپرسیارەتی سەرجەم یاریزانەکانە و دەبێ خۆمان باشتر بکەین، ئەگەر بەم ئاست و روحیەتە یاریی بکەین باوەڕم وایە دەتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین و ریزبەندیمان لە خولەکە بەرەو باشتر ببەین.
سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەربارەی ئاست و ئەنجامی یارییەکەیان گوتی:
بەداخەوە چەند هەڵەیەکی کە دەتوانم بڵێم کارەسات بوو لە بەرگری وایکرد تووشی ئەم شکستەببین، بەتایبەت لە دڵی بەرگری کە هەڵەکان زیاتر لەو شوێنە بوو، ئاستمان باش بوو لە یارییەکە، گەڕانەوە بۆ کەشی یارییەکە زەحمەت بوو لەکاتێکی وادا کە سێ گۆڵ بەهەڵەی یاریزان لێت تۆمار بکرێت، وێڕای ئەوەی چەند هەلێکی گۆڵ کردنیشمان هەبوو بەڵام لەدەستماندا.
هەولێر بە شێوەیەکی کاتی لە ریزبەندی 12ـە مایەوە بە 35 خاڵ، لە ئەگەری سەرکەوتنی نەورۆز و کارەبا و نەجەف تیەکە دەکەوێتە ریزبەندی 15ـەی خولەکە، گەڕی داهاەووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر گەڕمە یاریی دەکات.