
یاریگا –
جارێکی دیکە پێکان بەرۆکی نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی گرتەوە و بەگریانەوە یاریگای جێهێشت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 17ـی نیسان، سانتۆس لە یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی بەڕازیل میوانداری ئاتلێتیکۆ مینیێرۆی کرد و 2-0 یارییەکەی بردەوە. لەدوای چوار یاریی یەکەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولەکە بەدەستهێنا.
بەڵام گورزێکی کوشندە بەر سانتۆس کەوت، لە خولەکی 34 یارییەکە نێیمار دا سیلڤای ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە جارێکی دیکە بەهۆی پێکان بە گریان و دڵتەنگییەکی زۆرەوە یاریگای جێهێشت.
O momento que Neymar precisou sair do gramado da Vila Belmiro pic.twitter.com/kJG8NWfkHl
— ge (@geglobo) April 17, 2025
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەستێرە بەڕازیلییەکە چەند رۆژێکە لە پێکانی رابردووی چاکبووەتەوە، لە 4ـی مانگی رابردوو تووشی پێکان بوو، بەوهۆیە بەشداریی دوو یاریی رابردووی هەڵبژاردەی بەرازیل و سێ یاریی رابردووی سانتۆسی نەکرد، پاش 40 رۆژ و لە 12ـی ئەم مانگە گەڕایەوە مەشقە بەکۆمەڵيکانی یانەکەی.
بەڵام هەر لە یەکەم یاریی لەدوای گەڕانەوەی دوای تەنیا نیو کاتژمێر لە یاریکردن جارێکی دیکە پێکان بەرۆکی گرتەوە، پێکانی ئەمجارەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە قاچی چەپیدایە. بەڵام هێشتا ماوەی دوورکەوتنەوەی ئاشکرا نەکراوە.
سێزار سامپایۆی راهێنەری سانتۆس پێکانی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە بە گورزێکی کوشندە وەسفدەکات و نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت.
جارێ زووە بۆ ئەوەی باسی ماوەی دوورکەوتنەوەی بکەین چونکە هیچ شتێک دیار نییە، پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت و دواتر وردەکاری پێکانەکەی دەزانین، بەڵام با نزا بکەین پێکانەکەی سەخت نەبێت. شتەکان بەگوێرەی پلانەکانمان بەڕێوەنەچوو، پێکانەکەی نێی زیانێکی گەورەبوو لەم کاتەدا.
NEY 😣😞💔 pic.twitter.com/PnBJQKCKoV
— Team Neymar (@TeamNey10) April 17, 2025