
یاریگا –
دوێنێ 15ـی نیسان بەشێوەی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق خێسوس کاساسی ئیسپانی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە دوورخستەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاساس لە هەژمار فەرمی خۆی پەیامی ماڵئاوایی بڵاوکردووەتەوە، گلەیی لە بڕیاری دوورخرانەوەی دەکات و هەست دەکات ستەمێکی گەورەی لێکراوە، داوایەکی گرنگیش ئاراستەی بەرپرسانی وڵات دەکات.
هەموو چیرۆکێک دەستپێک و کۆتایی هەیە..
لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 گەشتەکەمان لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بە یەک ئامانج دەستیپێکرد، ئەویش ئامادەکردنی تیپەکەبوو بۆ گەیشتن بە خەونی سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی 2026. بڕوامان وابوو دوای چەندین ساڵ لە دابڕان، عێراق دەگەڕێنینەوە ریزی تیپە گەورەکانی جیهان. بەڵام دوای دوو ساڵ و نیو پڕۆژەکە کۆتایی دێت بەبێ ئەوەی رێگەمان بدەن تاوەکو کۆتایی لەپێناو بەدیهێنانی ئەو خەونە بجەنگین.
سەختە لەو بڕیارە تێبگەین چونکە هێشتا دوو یاریی چارەنووسساز و دوو قۆناخی دیکەمان لەپێشبوو بۆ سەرکەوتن. بەڵام بەداخەوە بڕیارەکە بەدەست ئێمە نییە. بە یادگاری لەبیرنەکراوەوە ماڵئاوایی دەکەین، بەدەستهێنانی جامی کەنداو لە بەسڕە ساتێکی مێژوویی بوو لەگەڵ نەتەوەیەکی بەسۆز هاوبەشیمانکرد، بردنەوە لە ژاپۆن لە جامی ئاسیا دڵی پڕکردین لە شانازی، بەدەستهێنانی خاڵی تەواو لە قۆناخی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە ریزبەندی فیفا پێگەی بەرزکردینەوە، ئەزمونکردنی ئەو ساتانە لەگەڵ هاندەران باوەڕپێنەکراوبوو!
لەگەڵ ئەوەشدا نائومێدی خۆمان ناشارینەوە لە هەندێک لەو کارانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردی.
جێبەجێنەکردنی بەندەکانی گرێبەستەکە نیەتێکی خراپ نیشاندەدەن! ئێمە تەنانەت لە سەختترین ساتیشدا بەرگریمان لە ناوی عێراق کردووە، چونکە هەستماندەکرد بەشێکین لەم وڵاتە، بەڵام کردەوەی هەندێک کەسایەتی لە رێگەی گوشاری ناڕەوا و نادروست زیان بە تۆپی پێی عێراق و ناوبانگی وڵاتەکە دەگەیەنێت، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیش نەک هەر لە ئاستی وەرزشی.
بۆیە داوا لە بڕیاردەران و دەسەڵاتداران دەکەم رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە بگرنەبەر، عێراق شایستەی پێشکەوتنە بە شەرەفمەندییەوە نەوەک ناوبانگێکی خراپ، راستیش هەمیشە رێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت.
زۆر شانازی دەکەین، کە بەشێک بووین لە پێشکەوتنی تۆپی پێی عێراق، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە داهاتوودا، وە لە دڵەوە سوپاسی سەرجەم یاریزانان و دەستەی کارگێڕی دەکەین.
خێسوس کاساس و ستافەکەی.
راهێنەرە 51 ساڵانییەکە لە 33 یاریی سەرپەرشتی هەڵبژاردەی عێراقی کرد، 20 یاریی بردەوە، 4 یاریی یەکسانبوو و 9 یارییشی دۆڕاند.