
یاریگا –
زاخۆ لە یاریگای خۆی و بە پاڵپشتی هاندرانی دەیەوێت گرێ کوێرەی نەفتی میسان بکاتەوە و 10 یارییە سەرکەوتنی بەرامبەر نەفتی میسان تۆمار نەکردووە.
لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، چوارشەممە ( 16ـی نیسانی 2025 ) کاتژمێر 5ـی ئێوارە زاخۆ لە یاریگای خۆی بەرامبەر نەفتی میسان یاریی دەکات، 10 یاریی رابردووی نێوانیان زاخۆ هیچ سەرکەوتنێکی بەرامبەر نەفتی میسان تۆمار نەکردووە و حەفت یەکسان بوون و سێ شکستی هەیە.
تەواوی یاریزانەکانی زاخۆ بۆ یارییەکە ئامادەن تەنها ئیچیتا دیپۆتی هێرشبەری نەیجیری یانەکە نەبێت کە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر کەربەلا ناتوانێ یاریی بکات، بۆ ئەم یارییەش دڵشاد ئەحمەد خاوەن بروانامەی A ئاسیاوی وەک یاریدەدەری تەڵال بلووشی راهێنەر دەستبەکار دەبێت.
لە مێژوودا زاخۆ و نەفتی میسان 14 یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ لە دوو یارییدا براوە بووە نەفتی میسانیش لە سێ یارییدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و لە نۆ یارییشدا یەکسان بوونە، زاخۆ 10 گۆڵی تۆمار کردووە و نەفتی میسانیش 14 گۆڵی کردووە.
زاخۆ لە سێ یاریی رابردوودا دوو شکست و یەکسان بوونێکی هەیە و بە 52 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە دێت، نەفتی میسان لە سێ یاریی رابردوودا دوو سەرکەوتن و یەکسان بوونێکی هەیە و بە 39 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.