کوردستان

هێرشبەرێکی ئاکرێ لە سەرجەم خولەکان سڕکرا و شێلادزێش سزای تووندی بەسەردا سەپێنرا

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بریار و راسپاردەی نوێی دەرکرد

Yariga App

یاریگا –

هێرشبەرێکی ئاکرێ لە سەرجەم خولەکانی کوردستان سڕکرا و شێلادزێش سزای تووندی بەسەردا سەپێنرا و دوو وەرز لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات.

سێ شەممە ( 15ـی نیسانی 2025 ) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و چەند بریار و راسپاردەیەکی نوێی دەرکرد، بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی لە یاریی نێوان رانیە و ئاکرێ بریاردرا بە دوورخستنەوەی حوزاف عەلی هێرشبەری پیشەگەری ئاکرێ لە خولەکانی کوردستان، کشانەوەی یانەی خەبات لە کۆبوونەوەکە پەسەند کرا و بەبڕی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دیناریش سزادرا.

بەهۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان بە لێدانی جەستەیی لە یاریی نێوان بەردەڕەش و شێلادزێ، چەند یاریزانێکی شێلادزێ بەتووندی سزادران و بۆ ماوەی دوو وەرزیش یانەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات.

تەواوی بریار و راسپاردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

1 _ دوای گەیشتنی نوسراوی فەرمی دەربارەی کشانەوەی یانەی خەبات لە خولی پلەدووی کوردستان، کشانەوەیان پەسەندکرا، لە یارییەکانی داهاتوو یانەی بەرامبەر خەبات 3 _ 0 بە براوە بۆی هەژمار دەکرێت، پێبژاردنی یانەی خەبات بەبڕی 2500000 دووملیۆن و پێنج سەدهەزار دینار.

2 _ بە هۆی نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە لە نێو یاریگا و هێرشکردن بۆ سەر ناوبژیوانی یاری و یاریزانی تیپی بەرامبەر لە یاری نێوان یانەی رانیە و یانەی ئاکرێ لە گەڕی 26ـی خولی نایابی کوردستان، بریاردرا بە دوورخستنەوەی ( حوزاف عەلی ) یاریزانی ئاکرێ لە خولەکانی کوردستان و پێبژاردنی بەبڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.

3 _ بریاردرا بە یاریکردنی یاریزان ( ئەحمەد سەرتیپ عومەر ) وەک یاریزانی ناوەوەی هەرێم یاری بۆ یانەی حاجیاوا بکات.

4 _ سەبارەت یاری نێوان یانەی باتیفا و یانەی شێخان لە گەڕی پێنجەمی خولی پلەدووی کوردستان:

آ _ بەهۆی بەکارهێنانی ووتەی نەشیاو لەلایەن هاندەرانیەوە پێش دەسپێکردنی یاری، ئاگادار کردنەوەی کۆتایی بۆ یانەی باتیفا بە پێچەوانەوە تووشی سزای تووند دەبن.

ب _ بەهۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی بەرامبەر ناوبژیوانی یاری، بریاردرا بە راگرتنی ( ئاشتی عومەر ) یاریدەدەری راهێنەری باتیفا بۆ 2 یاری و پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەدهەزار دینار.

5 _ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری نێوان یانەی پێشمەرگەی هەولێر و یانەی پیشەسازی لە گەڕی 27ــی خولی نایابی کوردستان، بریاردرا بە پێبژاردنی ( مەولود رەمەزان ) راهێنەری یانەی پیشەسازی بەبڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

6 _سەبارەت بە یاری نێوان یانەی بەردەڕەش و یانەی شێلادزێ لە گەڕی پێنجەمی خولی پلەدووی کوردستان، بە هۆی هێرشکردنی جەستەیی بۆ سەر ناوبژیوانی یاری و دەرچوون لە گیانی وەرزشی بریاردرا بە :

آ _ دوورخستنەوەی ( سوهەیب سەبڕی ) سەرپەرشتیاری تیپ و (حوسێن عەلی ) کارگێڕی یانەی شێلادزێ بۆ وەرزی 2024 _ 2025 و وەرزی 2025 _ 2026

ب _ راگرتنی ( عومەر محەمەد ) ژمارە 17 یاریزانی شێلادزێ لە خولەکانی کوردستان بۆ وەرزی 2024 _ 2025 و وەرزی 2025 _ 2026.

ج _ راگرتنی ( ئاڤان باقی سلێمان ) ژمارە 4 یاریزانی شێلادزێ بۆ یەک یاری و پێبژاردنی بەبڕی 500000 پێنج سەدهەزار دینار.

د _ ئەنجامدانی تەواوی یارییەکانی یانەی شێلادزێ بۆ وەرزی 2024 _ 2025 و وەرزی 2025 _ 2026 لە دەرەوەی یاریگای خۆی و بەبێ ئامادەبوونی هاندەر.

هـ _ دەستنیشانکردنی یاریگایەک بۆ بەرێوەچوونی یارییەکانی یانەی شێلادزێ کە پێویستە لە سەنتەری شاری دهۆک بێت.

و _ پێبژاردنی یانەی شێلادزێ بەبڕی 2000000 دوو ملیۆن دینار.

7 _ دوای ئەوەی یانەی حاجیاوا داوای پێداچوونەوەی کرد بە بریارەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی رابردوو درابوون بەرامبەر یانەکەیان، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواچوونی دووبارە لەلایەن لیژنە تایبەتەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بریاردرا بە مانەوەی سەرجەم بریار و سزای دارایی و کارگێڕیەکانی یانەی حاجیاوا وەک خۆی.

8 _ بەرێوەچوونی یاری پێش کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان لە نێوان یانەی زاخۆ و یانەی کفری لە 20 _ 4 _ 2025 لە یاریگای زاخۆ.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button