
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا یاسا و سیستەم و وردەکارییەکانی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە نێوان دهۆک و قادسیە بڵاو دەکاتەوە، ئەگەر یارییەکە یەکسان بێت، ناوبژیوان یارییەکە بۆ دوو نیوەی زیادکراو درێژ دەکاتەوە.
بەگوێرەی یاسا و سیستەمی پاڵەوانێتییەکە، ئەگەر یارییەکەی ئەمشەو بە یەکسانبوون کۆتایی پێ بێت، ئەوا یارییەکە بۆ دوو نیوەی زیادکراو درێژ دەکرێتەوە، ئینجا ئەگەر ئەوکاتیش یەکسانبوون، ناوبژیوان پەنا دەباتە بەر لێدانە یەکلاکەرەوەکان.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو رایگەیاندووە، یاسای یاریی چوون و گەڕانەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو هاوشێوەی یاسای ئێستای خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەبێت، لە یارییەکەی ئەمڕۆی دهۆک و قادسیە، هەردوولا بە هەر ئەنجامێک یەکسان بن، 1-1 یان 2-2 ئەوا یارییەکە دەچێتە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، یاسای گۆڵی دەرەوەی یاریگای خۆت لە پاڵەوانێتییەکە پەیڕەو ناکرێت.
دهۆک و قادسیە لە کوێت بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، لە یاریی گەڕانەوە دهۆک بە هەر ئەنجامێک بباتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، بەڵام بە هەر ئەنجامێک یەکسان بن یارییەکە بۆ دوو نیوەی زیادکراو و لێدانە یەکلاکەرەوەکان درێژە دەکێشێت.
خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو ساڵی 1981 دامەزراوە و یانەکانی وڵاتانی کەنداو بەشداریی تیادا دەکەن، لەوەتەی ساڵی 2015 پاڵەوانێتییەکە وەستابوو، ئەم وەرزە بۆیەکەمجار دەستیپێکردەوە و بۆیەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە یانەیەکی عێراقی بەشداریی کرد.
یانەکانی شەبابی ئیماراتی، ئیتیفاق و ئەهلی سعوودی خاوەنی زۆرترین نازناون لە مێژووی پالەوانێتییەکە و سێ جار بوونەتە پاڵەوانی کەنداو.