عێراقکوردستانگرنگترینیاریگا

پریڤیوی یاریی دهۆک VS قادسیە؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 07:00 لە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداریی قادسیەی کوێتی دەکات، کە لە یاریی چوون هەردوولا لە کوێت بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.

دەستەیەکی ناوبژیوانی عومانی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە دەستنیشانکراون، قاسم حاتەمی ناوبژیوانی عومانی یارییەکە بەڕێوە دەبات، ناوبژیوانانی ڤاریش قەتەڕین.

Image

دهۆک تۆڵەی هەولێر لە کوێتییەکان دەکاتەوە؟

دهۆک دەیەوێت لەم یاریگایە تۆڵەی 13 ساڵ لەمەوبەری هەولێر لە کوێتییەکان بکاتەوە، ساڵی 2012 کوێتی کوێتی لەسەر خاكی کوردستان لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا لە هەولێری بردەوە و ساڵی 2014 قادسیەی کوێتی لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە هەولێری بردەوە، ئێستا نۆرەی یانەکانی کوردستانە لەسەر ئەستۆی یانەیەکی کوێت نازناو بەدەست بهێنن.

هەرگیز هیچ یانەیەکی کوردستان لە مێژوودا لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە فەرمییەکان هیچ نازناوێکی بەدەست نەهێناوە، خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەبێتە یەکەم نازناو لە مێژوودا لەلایەن یانەیەکی کوردستان بەدەست بهێنرێت.

بەراوردی نێوان هەردوو یانە

یانەی دهۆک ساڵی 1970 دامەزراوە و لە مێژوودا لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی تەنیا نازناوێکی بەدەستهێناوە، یانەی قادسیە ساڵی 1960 دامەزراوە و لەسەر ئاستی کوێت و وڵاتانی کەنداو و عەرەبی و ئاسیا خاوەنی 44 نازناوە
یانەی دهۆک بە هەڵۆیەکانی چیا ناودارە و یانەی قادسیە بە زەعیم بەناوبانگە. یانەی دهۆک یەکەمجارە بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات و هیچ نازناوێکی نێودەولەتی نییە، قادسیە شەشەمجارە بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات و دوو جار بووەتە پاڵەوان و جارێکیش لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دۆڕاوە، دوو جاریش جامی یەکێتیی ئاسیای بەدەستهێناوە.

تێکڕای تەمەنی یاریزانانی دهۆک 27.5 ساڵە و تێکڕای تەمەنی یاریزانانی قادسیە 28.6 ساڵە، بەهای یاریزانەکانی دهۆک 4.5 ملیۆن دۆلارە و بەهای یاریزانەکانی قادسیە 1.8 ملیۆن دۆلارە.

مەسعود میرال راهێنەری کوردی یانەی دهۆک تەمەنی 37 ساڵە و هیچ نازناوێکی وەکو راهێنەر بەدەست نەهێناوە، زیلیکۆ پێترۆڤیچ راهێنەری مۆنتێنیگرۆیی تەمەنی 59 ساڵە و پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بووە.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە

قادسیە: خالید رەشیدی، مەعاز زەفیری، راشد دۆسەری، حوسێن دهێری، خالید ئیبراهیم، دانیێل ئەجیبولا، مەهدی برەحمە، عوزبی شەهاب، عەبدوڵا متاوع، عید رەشیدی، ئیسماعیل خافی.

دهۆک: محەمەد ساڵح، بەیار ئەبوبەکر، هێنریک تورسی، لوکاس موزیس، سیابەند عەگید، زانا عەلی، هاروون ئەحمەد، پیتەر گورگیس، کەریم دەروێش، یانیک زاکری، مارلۆن سانتۆس.

هاندەرانی دهۆک تیفۆیەکی تایبەتیان بۆ یاریی قادسیە ئامادە کردووە

پێشبینی ChatGPT بۆ ئەنجامی یارییەکە چییە؟

زیرەکیی دەستکرد پێشبینی دەکات ئەمشەو دهۆک ببێتە پاڵەوان، ChatGPT پێشبینی دەکات دهۆک 1-0 یان 2-1 بباتەوە.

بەگوێرەی پێشبینی بەکارهێنەرانی ئەثلیکەیشنی یاریگا، کە 2.561 کەس بەشدارییان کردووە، ٪76 پێشبینی دەکەن دهۆک یارییەکە بباتەوە، ٪7 پێشبینی دەکەن قادسیە سەرکەوتوو بێت و ٪17 پێشبینی دەکەن هەردوولا یەکسان بن.

بابەتی زیاتر

Back to top button