
یاریگا –
بەهۆی ئەنجامەکانی ئەم دواییەی چێڵسی و یەکلایینەکردنەوەی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، گومان لەسەر داهاتووی ئێنزۆ مارێسکا دروستبووە.
چێڵسی لە ستامفۆرد بریج 2-2 بە ئیپسویچ تاون یەکسانبوو. دوای تەواوبوونی گێمی یەکەمی یارییەکە، هاندەران فیکەی ناڕەزایەتییان لە دژی مارێسکا لێدا.
بلووز چوار خاڵی لە دوو یاریی رابردووی پرێمەرلیگ لەدەستدا، ئەمەش هاندەرانی نیگەرانکردووە، چونکە تەواوی هیوایان بە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو هەبوو، ئەمەش دوای دابڕانیان لە دوو وەرزی رابردووی پاڵەوانیەتییەکە. چێڵسی لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە، بە جیاوازی خاڵێک لەگەڵ ماچێستەر سیتی خاوەن پلەی پێنجەم.
سەرەڕای ئەنجامەکان، دەستەی کارگێڕی چێڵسی بیر لە دوورخستنەوەی مارێسکا ناکاتەوە. رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پاڵپشتی مارێسکا دەکەن و پێیان وایە، دەتوانێت سەرکردایەتی تیمەکەیان بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بکات.
چێڵسی پێنجشەممە لە کۆنفرانس لیگ یاریی گەڕانەوە بەرامبەر لیگا ڤارشۆ دەکات، بلووز یاریی چوونی 3-0 لە ڤارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، بردبووەوە.