
یاریگا –
دوێنێ یەکشەممە، کیلیان ئێمباپێ یەکەم کارتی سووری بەدرێسی ریال مەدرید بەڕوودا بەرزکرایەوە و کارتە سوورەکە مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە.
میدیاکانی ئیسپانیا بە شێوازی جیاواز باسی ئەگەرەکانی راگیرانی ئەستێرە فەڕەنسییەکە دەکەن. رۆژنامەی ئاس روونیکردووەتەوە، ئەگەر سزاکەی چوار یاریی یاخود زیاتر بێت، ئەوا بەشداریی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیاش ناکات.
بەڵام تۆڕی رێلێڤۆ و رادیۆی کادێنا سێر پێشبینی دەکەن، سزاکەی کەمتر لە چوار یاریی بێت و بۆ یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئامادەبێت. هەروەها کادێنا کۆپ بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و رایگەیاندووە کیلیان تەنیا بۆ یارییەک رادەگیرێت.
Mbappé’s red card. Proper grim challenge. pic.twitter.com/rIt42Y8DsQ
— James. (@afcjxmes) April 13, 2025
ئەگەر لە بۆچوونی میدیاکانی ئیسپانیا دوورکەووینەوە و پەنا بۆ یاساکانی فەرمی لالیگا و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ببەین، ئەوا سزای کارتی سووری راستەوخۆ بەمشێوەیە دیاریی دەکرێت؛
1 – وەرگرتنی کارتی سوور، دەستبەجێ یارییەک سڕدەکرێت، ئەمەش لە ئەگەری ئەوەی فاوڵەکە توندوتیژی و پێشێلکاری جەستەیی تێدا نەبێت، وەکو گەڕاندنەوەی تۆپ بە دەست.
2 – لە حاڵەتی ئاسایی و ئەگەر لێدانەکە تووند نەبێت، بۆ دوو یاریی رادەگیرێت.
3 – ئەگەر لێدانەکە توند بێت و بەمەبەست بێت، بۆ چوار یاریی یاخود زیاتر رادەگیرێت.
4 – ئەگەر یاریزانێک تف بکات یاخود رەگەزپەرستی و جنێو بدات، یانیش پەلاماری کەسێک بدات ئەوا بۆ 10 یاریی یان زیاتر رادەگیرێت.
جیا لە حاڵەتی یەکەم، لیژنەی تەمبێکاری خولەکە، بۆ بڕیاردان و دەستنیشانکردنی ماوەی سزاکە کۆدەبنەوە، پاش هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە، بڕیار لەسەر راگرتنی یاریزانەکە و دیاریکردنی ماوەی راگیرانی دەدەن.
لیژنەی تەمبێکاری ئەمڕۆ لەبارەی رووداوەکەی ئێمباپێ کۆدەبێتەوە، لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی رادەستی بەرپرسانی باڵای یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکات.
گفتوگۆی ژووری ڤار سەبارەت بە کارتە سوورەکەی ئێمباپێ بڵاوکرایەوە