
یاریگا –
دوای ماوەیەک دابڕان لە تیپەکە، دانا کامەران گەڕایەوە پێشمەرگەی سلێمانی و گۆڵێکیشی تۆمار کرد.
لە گەڕی 24ـی خولی نایابی عێراق، لە یارییەکی بەهێزدا پێشمەرگەی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەرووی فەهد بوویەوە، یارییەکەش بە گۆڵێک و بەیەکسان بوون کۆتایی هات، دوای ماوەیەک دابڕان لە تیپەکە دانا کامەرانی هێرشبەر گەڕایەوە پێشمەرگەی سلێمانی و گۆڵی یارییەکەشی بۆ تۆمار کرد.
رێباز سدیق راهێنەری پێشووی پێشمەرگەی سلێمانی دەستی لەکارکێشاوەتەوە و تا ئێستا بریاری کۆتایشی لەبارەوە نەدراوە، ئەمڕۆ ئەرسەلان جەلال بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی راهێنەرایەتی وەرگرتبوو، پێشمەرگە بە 25 خاڵ کەوتە ریزبەندی 19ـە کە ناوچەی دابەزینە بۆ ریزی پلەیەکی عێراق.
گازی باکوور لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 2 لەگەڵ رومادی یەکسان بوو، گازی باکوور لە بارودۆخێکی باشدانیە و بە 25 خاڵ لە ریزبەندی 18 دێت، گەڕی داهاتووش میوانداری بەحری دەکات.
بە کۆمەڵێک یاریزانی کوردەوە هەریەک لە یانەکانی ئەمانەی بەغدا و موسڵ لە ریزبەندی یەکەم و دووەمی خولەکە، ئەمانە لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2 _ 1 لە بەحری بردەوە، موسڵیش لە ئاکرێ بەرامبەر سناعە یاریی کرد و 1 _ 0 براوەبوو، ئەمانە 45 خاڵی هەیە لە ریزبەندی یەکەمە و موسڵ بە 43 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی خولی نایابی عێراق دێت.