
یاریگا –
یانەی زاخۆ چارەنووسی تەڵال بلوشی یەکلاکردەوە و ئەو راهێنەرە قەتەڕییە تا کۆتایی وەرز لە یانەکە بەردەوام دەبێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی زاخۆ بڕیاری داوە تەڵال بلوشی راهێنەری قەتەری لە یانەکە بمێنێتەوە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیان رەتکردووەتەوە، کە تەڵال دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر کەربەلا دەستی لەکارکێشابووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بەرپرسانی یانەی زاخۆ لەگەڵ تەڵال بلوشی رێککەوتوون تا کۆتایی ئەم وەرزە لە یانەکە بەردەوام بێت و کۆتایی ئەم وەرزە بەبێ رەچاوکردنی ئەنجام و دەستکەوتەکانی یانەکە، راهێنەرە قەتەرییەکە یانەکە بەجێدەهێڵێت.
دوای کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی بەرپرسانی زاخۆ و راهێنەرە قەتەڕییەکە، ئەمڕۆ تەڵال بلوشی گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکانی یانەکە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرپەرشتی راهێنانەکانی یانەکەی کرد.
زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، چوار خاڵ لەدواوەی شوڕتەی یەکەم دێت.
تەڵال هاوینی 2023 ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆی گرتە دەست و دوو وەرزە راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، کە وەرزی رابردوو پلەی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا و ئەم وەرزەش چاویان لە بەدەستهێنانی نازناوەکەیە.