دێسایی: میلان بێ سەرکردەیە و جواو فیلیکس کەسایەتی لاوازە

مارسێل دیسایی پێی وایە کێشەی جواو فیلیکس ئەوەیە لەرووی دەروونییەوە لاوازە.
میلان لە پلەی نۆیەمی خولی ئیتاڵی دێت و فیلیکس یش کە بە خواستن یاری بۆ ئەو یانەیە دەکات لە ئاستێکی خراپدایە. سەرەڕای گۆڕینی راهێنەر لە مانگی 12دا کاتێک پاولۆ فۆنسێکا دوورخرایەوە و سێرجۆ کۆنسێیساو هاتە جێگەیە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ئاستی ئەو یانەیە رووینەدا.
دیسایی دوو سکودێتۆ، چامپیۆنزلیگ و سوپەرێکی ئەورووپای لەگەڵ میلان بردووە و سەبارەت بە کێشەکانی ئەو یانەیە بۆ سکای سپۆرت وتی
نائومێدم لەوەی میلانی ئەمڕۆ، تێکەڵەی چەند کێشەیەکی جیاوازە. بە خراپی هاتنە ئەم وەرزە و کاتێکیش باشتر دەرکەوتن ئەوە بە روونی دیار بوو کە میلان سەرکردەیەکی نیە تاوەکو رکابەرییان پێبکات بۆ ناسناوەکان. ئەگەر سەیری ئینتەر بکەین سەرجەم یاریزانەکانی ساڵانێکە بە دڵ یاری دەکەن، من پێم وایە لەرووی یاریزانەوە کەمتر نین لە ئینتەر بەڵام کێشەی گونجاندنیان هەیە
سەبارەت بە جواو فیلیکس وتی
فیلیکس یاریزانێکی بەهرەمەندە بەڵام سەرکردە نیە و ناتوانێت هاوکاری تیمەکە بکات. لە ئێستادا ئەو یاریزانە نیە کە میلان پێویستی پێیەتی. ئەو توانای دەروونی لاوازە و ناتوانێت یانەیەک لە دۆخێکی خراپ رزگار بکات. باشترە بچێتە یانەیەک کە پڕۆژەیەکی روونی هەبێت و فشاری لەسەر نەبێت، بۆ نموونە پاریس سان جێرمان.
فیلیکس یاری بۆ ئەتڵەتیکۆ مەدرید، بارسێلۆنا و چێڵسی ئەنجامداوە، هەمیشە بە سەرەتایەکی باش دەست پێدەکات بەڵام لەگەڵ دروستبوونی یەکەم کێشە لە یانەکەدا، فیلیکس یش خامۆش دەبێتەوە.