
یاریگا –
جارێکی دیکە نەورۆز لە یاریگای خۆی دوو خاڵی لە دەستدا و راهێنەری تیپەکەش دەڵێت هەندێ جار تۆپی پێ دادپەروەر نیە.
لە گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 2 لەگەڵ نەفتی میسان یەکسان بوو، نەورۆز لە دواخولەک لە شکست رزگاری بوو کاتێک لە خولەکی 102 کلاودیۆ ماڕادۆنا گۆڵی یەکسان بوونی تۆمار کرد، جارێکی دیکە نەورۆز لە یاریگای خۆی دوو خاڵی گرنگی ەدەستدا و نەیتوانی بە تەواوی هاندەرانی ئاشت بکاتەوە.
قەحتان جەسیر راهێنەری نەورۆز دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە دەربارەی ئاست و ئەنجامی تیپەکەی گوتی:
هەندێ جار تۆپی پێی دادپەروەرنیە، هەموو شتێکمان کرد و زۆرترین هەلمان دروستکرد بەڵام تۆپی پێی لەگەڵ ئێمە نەبوو، یەکسان بوونەکە بۆ ئێمە دادپەروەر نەبوو چونکە ئێمە باشتربووین لە هەموو روویەکەوە، نەفتی میسان تیپێکی باشە بەڵام ئەمڕۆ کارا نەبوون و لەسەر هێرشی هەڵگەڕاو و تۆپی درێژ یارییان دەکرد.
بەم یەکسان بوونە سوور پۆشەکانی سلێمانی بە 34 خاڵ لە ریزبەندی 13ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێن، گەڕی داهاتووش لە بەغدا رووبەرووی کەرخ دەبێتەوە.