بڕیاری کۆتایی؛ ریال مەدرید گرێبەستی سێ ئەستێرەی یانەکەی نوێ ناکاتەوە
مۆدریچ و ڤازکێز دوو مانگی دیکە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید دەکەن

یاریگا –
ریال مەدرید بەنیاز نییە گرێبەستی هەریەکە لە مۆدریچ و ڤازکێز و ئالابا نوێبکاتەوە، دووانیان کۆتایی ئەم وەرزە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەجێدەهێڵن.
رۆژنامەی ASـی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بەنیاز نییە گرێبەستی لوکا مۆدریچ و لوکاس ڤازکێز نوێبکاتەوە، لەکاتێکدا دوو مانگی دیکە گرێبەستی ئەو دوو ئەستێرەیەی ریال مەدرید کۆتایی دێت و بێ یانە دەمێننەوە.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید گرێبەستی مۆدریچی 39 ساڵان و ڤازکێزی 33 ساڵان نوێ ناکاتەوە، کە دوو مانگی دیکە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت، مۆدریچ دوای 13 ساڵ یاریکردن لە ریال مەدرید یانەکە بەجێدەهێڵێت و ڤازکێزیش دوای 10 ساڵ ماڵی مەدریدییەکان بەجێدەهێڵێت.
مۆدریچ هاوینی 2012 لەسەر داوای خۆزێ مۆرینیۆ لە تۆتێنهام هۆتسپێرسەوە بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ روویکردە ریزەکانی ریال مەدرید، بە درێسی ریال مەدرید لە 583 یاری 43 گۆڵ و 93 ئەسیستی کردووە و شەش نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکە بەرزکردووەتەوە. ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە پێنج ملیۆن یۆرۆیە.
ڤازکێز هاوینی 2015 بەرامبەر ملیۆنێک یۆرۆ لە ئیسپانیۆلەوە روویکردە ریزەکانی لۆس بلانکۆس، 391 یاری بە درێسی مێرەنگی کردووە، 38 گۆڵ و 72 ئەسیستی کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی ئەو یاریزانە ئیسپانییە 3.5 ملیۆن یۆرۆیە.
ئاس ئاشکراشیکردووە، جگە لە مۆدریچ و ڤازکێز، ریال مەدرید بڕیاریداوە گرێبەستی داڤید ئالاباش نوێ نەکاتەوە، کە ئەو بەرگریکارە 32 ساڵانە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ مێرەنگی کۆتایی دێت، کە هاوینی 2021 بە گرێبەستێکی ئازاد لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکەوە کرد.