
یاریگا –
لە کەربەلاوە یانەی زاخۆ دوایین ئامادەکاری خۆی کرد بۆ یارییەکە و گومان لە بەشداریکردنی سیپان سدیق دەکرێت بۆ ئەو یارییە.
هەینی ( 11ـی نیسانی 2025 ) زاخۆ لە گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاتژمێر 7:30ـی شەو لە یاریگای نێودەوڵەتی کەربەلا رووبەرووی کەربەلا دەبێتەوە، تەواوی یاریزانەکانی زاخۆ بۆ یارییەکە ئامادەن تەنها گومان لە بەشداریکردنی سیپان سدیقی بەرگریکار دەکرێت کە بەهۆی پێکانەوە تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە دەتوانێت یاری بکات یاحود پشوو وەردەگرێت.
کەربەلا و زاخۆ لە مێژوودا 18 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردوو، کوڕانی خابوور لە حەفت یارییدا براوە بوونە و کەربەلا شەش یاریی بردۆتەوە و لە پێنج یارییشدا یەکسان بوونە، زاخۆ 22 گۆڵی تۆمار کردووە و کەربەلا 14 گۆڵی کردووە، گەورەترین سەرکەوتنی زاخۆ قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بوو کە 5 _ 1 براوە بوو، گەورەترین سەرکەوتنی کەربەلا لە 7 _ 3 _ 2014 بوو کە 3 _ 1 سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
بەسەرکەوتنی زاخۆ لە یارییەکەی سبەی بە شێوەیەکی کاتی پێشەنگ وەردەگرێتەوە، زاخۆ 52 خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەمە، کەربەلا بە بارودۆخێکی خراپ تێپەڕ دەبێت و 17 یارییە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە بە 18 خاڵ لە ریزبەندی 19ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.